Erbil 31°C دووشەممە 07 ئەیلوول 16:22

33 گەنجی کورد لە لیبیا ڕزگارکران و گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

100%

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 33 گەنجی کورد کە لە وڵاتی لیبیا دەستبەسەرکرابوون، دوای ڕزگارکردنیان بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانییان شوێنی دەستبەسەرکردنی ئەم گەنجانە دیاری بکەن. دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، لەسەر تێچووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە نیشتمان.

ئەم گەنجانە زیاتر لە مانگێک بوو لە بەندیخانەکانی وڵاتی لیبیا لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا مابوونەوە و ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی گیانی ببوونەوە.

دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە پشکنینی پزیشکیی پێویستیان بۆ ئەنجامدرا و دواتر گەڕێندرانەوە ناو کەسوکاریان.

بە گەڕاندنەوەی ئەم گروپە نوێیە، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە تاوەکو ئێستا لە وڵاتی لیبیاوە ڕزگارکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، گەیشتە 335 کەس.

هاوکات، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە 8 مانگی ڕابردوودا ڕێژەی کۆچکردن لە عێراق بە ڕێژەی 37% بۆ 53% کەمی کردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.