Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 18:26

ئومێد خۆشناو: جارێکی تر موزایەدەچییەکان دەیانەوێ ڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن

له‌باره‌ی پرۆژه‌ یاسای چاكسازیی خانەنشینی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هەڵوێستی هەندێک لایەن سەبارەت بە چاکسازیکردن لە مووچە و خانەنشینی ڕاگەیاند.

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لەسەر یاسای چاكسازیی خانەنشینی كە دوێنی لە پەرلەمان پەسەند كرا، جارێكی تر موزایەدەچییەكان دەیانەوێ ڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن و چەواشەی بكەن.
ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:

پاش ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرا، ڕێكاره‌ یاسایه‌كان له‌په‌رله‌مان گیرانه‌ به‌ر و دوێنێ دره‌نگانی شه‌و یاساكه‌ په‌سند كرا.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جارێكیتر موزایه‌ده‌چییه‌كان، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان ده‌یانه‌وێ ڕای گشتی به‌لاڕێدا ببه‌ن و چه‌واشه‌ی بكه‌ن.

بۆیه‌ داواكارین هه‌رچی زووه‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌ت، ئامانج و ڕاستی پڕۆژه‌كه‌ بۆ ڕای گشتی بخه‌نه‌ به‌رچاو و ڕوونی بكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌ت ده‌نگده‌ر و ئه‌ندامانی پارتیش ڕاده‌گه‌ێنین، كه‌ خوشك و براكانتان له‌ فراكسیۆنی پارتی، هه‌رچی كردبمان و بیكه‌ین، دڵنیابن به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خستنه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی پیشه‌ی ئێمه‌یه‌ و مومكین نییه‌، وه‌ك خه‌ڵكیتر له‌به‌رده‌می میدیا قسه‌یه‌ك و له‌ ژووری داخراویش هه‌ڵسوكه‌وتی تر بكه‌ین، بۆیه‌ دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ دوای ڕوونكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، وه‌ك فراكسیۆن به‌ زمانی ژماره‌ و داتا هه‌موو ڕاستییه‌كان وئامانج وهه‌نگاوه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.

هه‌ر بۆ زانیاریتان، هۆكاره‌كانی ده‌رچوونی پڕۆژه‌كه‌ 70 ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌نگی پێداوه‌، هه‌روه‌ها كۆی گشتیی پڕۆژه‌كه‌ش 67 ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌نگی پێداوه‌ و هیچ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان یان فراكسیۆنێك دژی نه‌بووه‌.

بۆیه‌ جارێكیتر داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ له‌ چه‌واشه‌كاری ئه‌و لایه‌نانه‌ بگرێت تا چیتر سۆز و عاتیفه‌ی هاووڵاتییان به‌كار نه‌هێنن بۆ سواڵی ده‌نگ و هه‌ڵبژاردن.

هه‌ڵبه‌ت دوای وه‌ڵامی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، وه‌ك فراكسیۆنی پارتی هه‌ڵوێستی فه‌رمیمان ده‌بێ و ته‌واوی ڕاستییه‌كان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.

له‌كۆتاییدا جارێكیتر، خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، چاكسازی پێویستییه‌كی حه‌تمییه‌ و تا حوكمڕانی هه‌بێ، چاكسازییش پڕۆسه‌یه‌كی هاوشانی حوكمڕانی ده‌بێ و فراكسیۆنی پارتی هه‌ڵگری ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ ده‌بێ، ئه‌مه‌ش پشتیوانی ته‌واوی ئه‌ندامان و لایه‌نگران وسه‌ركردایه‌تیی پارتی له‌گه‌ڵه‌، ئێمه‌ ده‌ستكراوه‌ كراوین له‌چاو نه‌پۆشینی كه‌موكوڕی و چاكسازیكردن و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی و ڕانه‌كردن و خۆڵ نه‌كردنه‌ چاوی هاوڵاتیان وه‌ك خه‌ڵكی دیكه‌.

له‌گه‌ڵ ڕێز و حورمه‌تی زۆر

ئومێد خۆشناو
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پ، د، ك

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.