ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دوای کۆبوونەوەی 27 سەرکردەی ئەورووپی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، داواى كرد پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
ئیمانوێڵ ماکرۆن لە وەڵامی پرسیاری کوردستان 24دا رایگەیاندووە، پێویستە حکوومەتی عێراق هەموو مافە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە ”هەرچی زووە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە“.
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە و دوای هێرشی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەش بۆ کوردستان، بە ناردنی چەک، راوێژکاری سەربازی و فڕۆکەی جەنگی، هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە.
ئەو وڵاتە، کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، یەکێکە لە دۆستەکانی گەلی کوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشیش بۆ سەر کوردستان، وەک نیشاندانی هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ کوردستان، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.