Erbil 34°C دووشەممە 23 ئەیلوول 16:21

رەوشی کەرکووک خراپە و داعشیش دەستیان بە جووڵە کردووە

بە ھۆی رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە رەوشی ئەمنی بە تەواوەتی تێكچووە
کوردستان TV
#7
100%


گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك دەڵێ، رەوشی ئەمنیی كەركووك زۆر ئاڵۆزە و پێشبینیی دەكرێت لە رۆژانی دابێ رەوشەكە بەرەو خراپتر بچێت. دەشڵێ، داعش دەستی بە چالاكی كردووە و، حەشد و ھێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە تیرۆریستان لەو سنوورە دەربكەن.

فەرھاد حەمەعەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ماوەی چوار مانگە بە ھۆی رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە رەوشی ئەمنی كەركووك بە تەواوەتی تێكچووە و رۆژانە دیاردەی ھەڵكوتانەسەر ھاووڵاتیان و دزی و كوشتن و رفاندن ھەیە، ئەمەیش ھەمووی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە ئەو ھێزە عێراقیانەی ھاتوونەتە كەركووك، خەڵكی سنوورەكە نین و لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاوردە كراون، ھەر ئەمەیش وای كردووە رەوشی ئەمنی بەراورد نەكرێت لەگەڵ ئەو سەردەمەی ئێمە وەك ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان ئەركی پاراستنی رەوشی ئەمنیمان لە دەستدا بوو.

لەبارەی زۆربوونی چالاكیی داعشەوە، گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كاتی خۆی كە ھێزەكانی حەشد و سوپای عێراق ئۆپەڕاسیۆنی قەزای حەیجە و دەوروبەریان دەست پێكرد، تەنیا جادەیان پاك كردەوە نەك بچنە نێو گوندەكانەوە، لەبەر ئەوەیش نەتوانرا داعش لە ناوچەكە پاك بكرێتەوە و، لە ئێستا ژمارەیەكی بەرچاوی تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك ماون و چالاكییان ھەیە".

حەمەعەلی هەروەها دەشڵێ، پێشبینی دەكەین لە ماوەكانی داھاتوودا چالاكیی داعش لەنێو كەركووك و دەوروبەریشی روو لە زیادبوون بكات، ھەر چەند شەوێك بەر لە ئێستا لە گوندێكی سەر بە ناحیەی ریاز،  داعش 27 حەشدی كوشت و ژمارەیەكیشی لێی بە دیل گرتن، ھەتا بەپێی زانیاریی ئێمە ژمارەیەك داعش لەنێو سەنتەری شاری كەركووك دەستیان بە جووڵە كردووە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.