دوای ئەوەی ئەمڕۆ گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو بویەوە كە چەند كەسێك لە سێ گەنجی عەرەب دەدەن, بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی نێو بازاڕی شاری هەولێر كە لەنێوان چەند گەنجێكی كورد و عەرەب ڕوویدا ڕوونكردنەوە دەدات و ڕەتیدەكاتەوە كە ڕووداوێكی بەرنامەبۆدارێژراو بێت.
د. تارق نووری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر سەبارەت بە ڕووداوەكە گوتی: “ئەو ڕووداوەی ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو بازاڕی شاری هەولێر ڕوویداوە ڕووداوێكی سرووشتی بووە و بەهیچ شێوەیەك بەرنامەبۆدارێژراو نەبووە، كە تیادا چەند گەنجێكی كورد و عەرەب ئاڵۆزیی لەنێوانیان درووست بووە و بەشەڕ هاتوون، ڕووداوەكە هاوشێوەی هەر ڕووداوێكی دیكەی نێوان كورد و كورد یان عەرەب و عەرەب یان هەر نەتەوەیەكی دیكەیە و هاوشێوەی هەر شەڕ و ئاڵۆزییەكی دیكەیە كە ڕۆژانە ڕوو دەدات”.
گوتیشی: “ئەو گەنجە عەرەبانە لەگەڵ گروپێكی گەشتیاری لە شاری بەسڕای باشووری عێراقەوە بۆ گەشت هاتوونەتە هەولێر و بەپێی گوتەی سەرپەرشتیارانی كۆمپانیاكە هۆكاری ئاڵۆزییەكە گەنجە عەرەبەكان بوونە كە چەند دروشم و قسەیەكیان گوتووە و دواتر كاردانەوەی ژمارەیەك گەنجی كوردی لێكەوتووەتەوە و دواتر هێزە ئەمنییەكان كۆتاییان بە گرژییەكە هێناوە”.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕوونیشیكردەوە كە ئەگەر هەر لایەكیان سكاڵایان هەیە دەتوانن سكاڵای لە دادگا تۆمار بكەن و دادوەریش فەرمانی گرتن بۆ لایەنی داوالێكراو دەربكات و دواتر پۆلیس بەكاری خۆی هەڵدەستێت و ئەگەر پێویستیش بكات هێزەكانی ئاسایشی هاوكاری هێزەكانی پۆلیس دەكەن بۆ دەستگیركردنی كەسانێك كە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەربچێت.
د. تارق نووری داواشی كرد كە ڕووداوەكە نەخرێتە قالبێكی سیاسییەوە و جەختیكردەوە كە ڕووداوێكی سرووشتی و نەخوازراو بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.