لەراگەیەندراوێكدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەكردووە،" سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان، سەرلەنوێ داڕشتنەوە یان پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت".
ئاماژەی بەوەشكراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی تایبەتمەند بۆ پێداچونەوە بە سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان یەكەمین كۆبوونەوە خۆی بەسەرپەرشتی ئەنجامداوە.
داود ئەتروشی، سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بەسیستمی وەرگرتنی قوتابیان رایگەیاندووە، كاری سەرەكی لیژنەكەیان پێداچوونەوەیە بە سیستمی وەرگرتنی قوتابیان كە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و زانكۆلاین و خوێندنی ئێواران و پاڕالێل وەردەگیردرێن لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەنگاوی یەكەمدا تەواوی سەرنج و تێبینی و زانیارییەكان لە كەسانی پسپۆڕ كۆدەكەنەوە، لەهەمانكاتدا سەرنج و تێبینی لە تۆماری قوتابیان لە زانكۆكان و مامۆستایانی زانكۆ وەردەگرن.
تێزانین لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان، لە ژمارەیەك كەسی شارەزا لە دیوانی وەزارەت و زانكۆكانی هەرێم پێكهاتووە، بڕیارە دەقی راپۆڕت و پێشنیازەكانیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرز بكەنەوە تا بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.