Erbil 25°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 20:21

هۆشیار زێباری: ئەم زوڵمەی لە میلـلەتی ئێمە کرا دوای ریفراندۆم به‌هیچ قیاس ناکرێت

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%

هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، راستە كێشەكان ئاڵۆزتر بوون و فشاری حكومەتی عیراق و وڵاتانی دەوروبەر لەسەر هەرێمی كوردستان زیادبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگریی میللەتی كورد و حكومەتی هەرێم، جێگای دڵخۆشییە.

لە كۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین سمینارێك بۆ هۆشیار زێباری لە ژێر ناونیشانی "میكانزمەكانی پتەوكردن و بەهێزكردنەوەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان" رێكخرا و تیایدا تیشك خرایەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوە بەتایبەت دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم.

لە سمینارەكەدا، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی بێ گومان لە بارودۆخی ئێستای هەرێم و جۆری پەیوەندییەكاندا، مرۆڤ دەبێت واقیعبین بێت، ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 30 كۆنسوڵگەری بەشێوەیەكی فەرمیی هەیە و هیچ كامێكیان دەرنەچوون، ئەمە ئیعتیرافێكە بە وەزعی دەستوری و یاسایی هەرێم، پێشوازیكردنی شاندەكانی حكومەت لە دەرەوە هەروەكو خۆیەتی، واتا ئاڵوگۆڕییەكی تێنەكەوتوە، سەردانی بەرپرسانی دەرەوە و وەزیرانی دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان هەر بەردەوامن و لەم روەوەوە پاشەكشە نەبووە.

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمیش، هۆشیار زێباری گوتی راستە كێشەكان ئاڵۆزتر بوون و فشاری حكومەتی عیراق و وڵاتانی دەوروبەر لەسەر هەرێمی كوردستان زیادبون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگریی میللەتی كورد و حكومەتی هەرێم، جێگای دڵخۆشییە، بێگومان خۆڕاگرتنیش لەژێر فشار، یەكێكە لە بنەماكانی بەڕێوەبردنی دیپلۆماسی.

گوتیشی ئەگەر بێینەسەر ئەسڵی بابەتەكە، بەڵێ بارودۆخی هەرێم گۆڕاوە لە ئەنجامی ئەو هەموو فشارە، ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئایا میللەتی كورد مافی هەبوو كە ریفراندۆم بكات یان نا، یان هەموو بخەینە سەر بڕیاری ریفراندۆم، چونكە بۆخۆم بەشداربووم و ئەم تەوەجوهات و ئەم سیاسەتانەی پەیڕەو دەكەن ئێستا، هەبوون، بەڵام هەروەك دەڵێن دەستی ئەوانمان كەشف كرد، ئینجا لە راستیدا دەمەوێت تەئكید لەسەر ئەوە بكەمەوە كاتی خۆیشی سەركردایەتی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم تەئكیدمان كردەوە راستە ریفراندۆم بۆ جێبەجێكردنی مافی چارەنووسە، بەڵام مانای ئەوە نییە رۆژی پاشتر دەوڵەت دروست دەكەین، لەبەرئەوە ئەم زوڵمەی لە میلـلەتی ئێمە كرا دوای ریفراندۆم هیچ قیاس ناكرێت بەو ئیجرائاتەی میلـلەتێك بە ئاشتیانە چوو دەنگی خۆیدا.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێت بیستومە لە زۆرێك لە شاندەكان، ئەگەر میللەكانی كاتژمێر بگەڕێنەوە دواوە، بۆ مانگی نۆ، ئەوا ئەو وڵاتانەی كە هەڵوێستی توندیان وەرگرت بەرامبەر ریفراندۆم ئەوا ئێستا هەڵوێستێكی دیكەیان دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.