Erbil 14°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 15:56

نێچیرڤان بارزانی: له‌گه‌ڵ عه‌بادی بڕیارمان دا هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ به‌غدا کۆبوونه‌وه‌ی دیکه‌ بکه‌ین

كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانیی داڤۆس ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان
نێچیرڤان بارزانی: له‌گه‌ڵ عه‌بادی بڕیارمان دا هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ بكه‌ین
کوردستان TV
100%

له‌ داڤۆس نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تی بۆ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان، باسی له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی جیهانیی ئابووری له‌ داڤوس كرد. 

نێچیرڤان بارزانی له‌و لێدوانه‌ تایبه‌ته‌ی بۆ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانیی داڤۆس ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان هه‌بووه‌ و له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كرایه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق. 

گوتیشی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ دانووستانی جددی بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراشی كرد له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كاندا پاڵپشتیی جددیمان بینی له‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ ده‌خوازن هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا. 

هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه‌ له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی جیهانیی داڤۆس كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كورتیان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌بووه‌ و رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ بكه‌ن. 

هه‌روه‌ها وه‌زیرانی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و نه‌وتی عێراقیش كۆبوونه‌وه‌ تا بگه‌نه‌ لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. 

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ریكس تیله‌رسۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌و لێدوانه‌ تایبه‌ته‌ی بۆ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان گوتی به‌ وردی باسی كێشه‌كان و دانووستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باس كرد و ئه‌ویش ویستی بزانێت دوا پێشهاته‌كانی دانووستان و كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا چییه‌ و هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌خوازن و ئاماده‌ن هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.