Erbil 31°C دووشەممە 05 تشرینی یەکەم 01:49

ئەمەریکا هێزی زیاتر ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات لە ترسی هەڵکشانی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

100%

سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئامادەکاریدایە بۆ ناردنی سەرباز و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر بۆ ئیسرائیل لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەمەش وەک ڕێوشوێنێکی پێشوەختە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی هەڵکشانی سەربازی لە ناوچەکەدا، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان لە هەردوو وڵاتدا.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (Walla)ی ئیسرائیلی، لە ئێستادا نزیکەی 3,000 سەربازی ئەمەریکی لە چەندین پێگەی جیاوازی ئیسرائیلدا جێگیر کراون. ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە بەڕێوەبردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەوانی، تیمەکانی پشتیوانیی لۆجستی و ئۆپەراسیۆنەکانی بارەگای سەرکردایەتی. لەم چوارچێوەیەشدا پێشبینی دەکرێت لەگەڵ گۆڕینی خولیی هێزەکان، کاروانی نوێی هێز و فڕۆکەی جەنگی بگەنە ناوچەکە.

هاوکات ڕۆژنامەی (جێرۆسالم پۆست) بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری خۆی بە ناوی (USS Theodore Roosevelt) لەگەڵ فیرقەیەکی دیکەی هێزەکانی پیادەی دەریایی (مارینز) ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. هەروەها گرووپی کەشتیگەلی ئامادەباشی (USS Makin Island) بە نزیکەی 2,200 چەکداری لیوای 13ـی مارینز و زیاتر لە 2,000 دەریاوانەوە بەڕێکەوتوون بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکەدا.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە نەیارەکانیان بە وردی چاودێریی کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل و ئەمەریکادا دەکەن، تاوەکو بزانن ئایا دەتوانن لە ڕێگەی هێرشەوە ناسەقامگیری لە سیستەمی سیاسیی ئەو دوو وڵاتەدا دروست بکەن؛ هاوکات هۆشداریشی دا کە «نەیارەکان دەزانن ئەمجارە وەڵامی ئیسرائیل زۆر توند و هێرشبەرانە دەبێت».

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگیی چڕ لەگەڵ فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری بەرپابوونی پێکدادانی خێرا لەگەڵ ئێراندا لە کاتێکدا تاران بەدەست قەیرانی توندی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، و بانکێکی ئامانجی دیاری کردووە بۆ لێدانی پێگە هەستیارەکانی تاران لە ئەگەری هەر هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل یان ئوردن

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.