Erbil 10°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 23:49

سەرۆک بارزانی: ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت

سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆوە
کوردستان TV
100%

 

سەرۆك بارزانی لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، جەختی لە ڕەوایەتی و ئاشتیانەبوونی ڕیفراندۆم كردەوە كە مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی كوردستان بووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە پێشێلكردنی دەستوور و تەوافوق و شەراكەت و نانبڕینی خەڵكی كوردستان بوو كە هانی گەلی كوردستانی دا كە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابا هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.

ئه‌مرۆ چوارشەممە 24ـی 1ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كورتەیەكیان لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و بابەتی هەڵبژاردنەكان و هاوكێشە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان خستەڕوو.

هەروەها ڕا و سەرنج و پێشنیاری خۆیان لەبارەی چۆنیەتی كاركردن و دانانی چوارچێوەی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد. 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا ڕۆشنایی خستەسەر دوایین پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و دەولییەكان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچە و جیهان لەمەڕ هەرێمی كوردستان و وردەكاریی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری شی كردەوە. 

پەیوەست بە بابەتی ڕیفراندۆمیش سەرۆك بارزانی جەختی لە ڕەوایەتی و ئاشتیانەبوونی ڕیفراندۆم كردەوە كە مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی كوردستان بووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە پێشێلكردنی دەستوور و تەوافوق و شەراكەت و نانبڕینی خەڵكی كوردستان بوو كە هانی گەلی كوردستانی دا كە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن و ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابا هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.