Erbil 29°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 16:22

رووحانی: تره‌مپ نه‌یتوانى شکست بە رێککەوتنی ئەتۆمی بهێنێت 

سەرۆك کۆماری ئێران ستایشی نەتەوەیەکگرتووەکان كرد
کوردستان TV
100%

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا هەموو هەوڵی خستووەتە گەڕ تاوەکو شکست بە رێککەوتنی ئەتۆمی بهێنیت، بەڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

لە کۆنفرانسێکدا لە تاران، حەسەن رووحانی خۆشحاڵی دەربڕی کە دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی نەیانتوانیوە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران هەڵبوەشێننەوە.

سەرۆککۆماری ئێران ستایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو شەش وڵاتەی کرد کە بە رێککەوتنی ناوەکی هەستاون و توانیویانە پارێزگاری لێبکەن.

رووحانی گوتی " ترەمپ، یەک ساڵە هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ، لەوەتەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانییەوە هەوڵدەدات تاوەکو رێککەوتنەکە لەنێوببات. تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. ئەوە مانای ئەوەیە رێککەوتنێکی پتەوە، ئەوەش سەرکەوتنە بۆ پابەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوە مانای سەرکەوتنی یاساییە بەسەر دیکتاتۆری، خۆشحاڵم کە سەرکردەکانی کۆشکی سپی شکستیان هێناوە.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە سەرکەوتنێکی گەورە و ماوەدرێژە بۆ ئێران و خەڵکی وڵات. 

لەلایەکی دیکەوە ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئەنجامدا. 

سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن جەختی لەسەر پێویستیی هێشتنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی گرووپی 5+1 کردووەتەوە. 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، نەتانیاهۆ بە ماکرۆنی راگەیاندووە، پێویستە بیروڕاکانی دۆناڵد ترەمپ بە جیدی وەربگیرێن. راشیگەیاندووە، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بمێنێتەوە، پێویستە هەموار بکرێتەوە، کە ئەوەش هەمان مەرجی دۆناڵد ترەمپە بۆ پەسندکردنی رێککەوتنەکە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.