Erbil 6°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 21:38

هۆشداری موشه‌کی هه‌ڵه‌ خه‌ڵکی هاوای شڵه‌ژاند

ئه‌و هۆشداره‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی هێرشی موشه‌كی دراوه‌ به‌ ویلایه‌تی هاوای
کوردستان TV
100%

به‌رپرسانی ئه‌مریكی ده‌ڵێن ئه‌و هۆشداره‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی هێرشی موشه‌كی دراوه‌ به‌ ویلایه‌تی هاوای سه‌ر به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌ڵه‌ بووه‌.

رۆژی 13ـی ئه‌م مانگه‌ خه‌ڵكی هاوای له‌سه‌ر هاندی مۆبایله‌كانیان په‌یامێكیان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ تیایدا نووسرابوو: موشه‌كی بالستیك به‌ره‌و هاوای ئاراسته‌ كراوه‌، به‌خێرایی په‌نا بگرن، ئه‌وه‌ په‌یامێكی راسته‌قینه‌یه‌ و مه‌شق نییه‌.

زنجیره‌ دوورگه‌كانی هاوای كه‌ له‌ زه‌ریای هێمندا هه‌ڵكه‌وتووه‌ په‌نجایه‌مین ویلایه‌تی ئه‌مریكایه‌ و به‌هۆی كه‌ناراوه‌ دڵڕفێنه‌كانی ناوبانگی هه‌یه‌ و به‌مدواییه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی كێشه‌ی نێوان ئه‌مریكا و كۆریای باكوور، كه‌ رێبه‌رانی هه‌ردووك وڵات به‌ له‌ناو بردن له‌ رێگه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی به‌راورده‌كانیش پێشبینی ده‌كرێت كه‌ موشه‌كێكی بالستیكی كۆریای باكوور بتوانێت له‌ ماوه‌ی 20 خوله‌كه‌دا بگاته‌ هاوای.

رێكخراوی به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخه‌ له‌ناكاوه‌كانی هاوای رایگه‌یاندووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانی رێكخراوه‌كه‌ له‌كاتی راده‌ستكردنی ده‌وامی خۆیدا به‌ هه‌ڵه‌ دوگمه‌یه‌كی سه‌ر  كۆمپیوته‌ری داگرتووه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رێگه‌ی مۆبایل و رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ په‌یامی مه‌ترسیی هێرشی موشه‌كی بگات به‌ هاوڵاتییانی هاوای.

ئه‌و هۆشدارییه‌ كه‌ نزیك كاتژمێر هه‌شت به‌ كاتی ناوچه‌كه‌ بۆ مۆبایلی هاوڵاتییان نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌ كه‌ هاوڵاتییان باشتره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ یان بڕۆنه‌ په‌ناگه‌.

شایه‌نی ئاماژه‌یه‌ كه‌  به‌رپرسان دوای 40 خوله‌ك په‌یامێكی دیكه‌یان بۆ هاوڵاتییان ناردووه‌ و ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یامی یه‌كه‌م به‌ هه‌ڵه‌ نێردراوه‌.

سه‌رچاوه‌ / بی بی سی

مه‌سعود / كوردستان تیڤی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.