Erbil 6°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 01:03

سه‌فین دزه‌یى: لێدوانه‌کانى حه‌یده‌ر عه‌بادى ئیتر بوونه‌ته‌ مۆده‌یه‌کى هه‌فتانه‌

سه‌فین دزه‌یى وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى عه‌بادى ده‌داته‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى عه‌بادى ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌وه‌تاى به‌ڕێز عه‌بادى له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، به‌ شێوه‌یه‌كى كرده‌یى تا ئێستا له‌ قسه‌ زیاتر نه‌بووه‌.


سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانى دوێنێى به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌ییه‌كه‌یدا له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10/12/2018 به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى، وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕى حكوومه‌ت دوا.

به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى ڕایگه‌یاند لێدوانه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كه‌ ئیتر بوونه‌ته‌ مۆده‌یه‌كى هه‌فتانه‌ و به‌رده‌وام هه‌مان شت دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، نامانگه‌یه‌نێته‌ هیچ ئه‌نجامێك!. ته‌نیا به‌ قسه‌ و لێدوانى ڕۆژنامه‌وانى و به‌ڵێنى جێبه‌جێنه‌كراو، هیچ شتێك چاره‌سه‌ر نابێت!. ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى عێراق به‌ ڕاستى نیازى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌یه‌، فه‌رموو با بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆیه‌كى جددى بكات و به‌پێى ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌موو عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بێت. هیوادارین ئیتر له‌ قۆناغى لێدوانى ڕۆژنامه‌وانى و قسه‌ى دووباره‌ ده‌رباز ببین و هه‌نگاوى كرده‌یى بنرێن!.

به‌ڕێز دزه‌یى هه‌روه‌ها گوتى: له‌وه‌تاى به‌ڕێز عه‌بادى له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، به‌ شێوه‌یه‌كى كرده‌یى تا ئێستا له‌ قسه‌ زیاتر نه‌بووه‌ و وێڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ لیسته‌كانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌شمان ناردووه‌، كه‌چى هێشتا هیچى كرده‌یى لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه!.

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌وه‌ى ئێستا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، له‌ سزادانى به‌كۆمه‌ڵى گه‌لى كوردستان بترازێ، هیچ ناو و پێناسه‌یه‌كى دیكه‌ هه‌ڵناگرێت!. هاووڵاتیانى كوردستان باش له‌م ڕاستییه‌ تێگه‌یشتوون و وایان لێهاتووه‌ به‌رله‌وه‌ى له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كاندا قسه‌ بكرێت، ده‌زانن چى ده‌گوترێت، چونكه‌ هه‌مان وشه‌ و هه‌مان ڕسته‌ى دووباره‌ن و هیچى تر!.

دزه‌یى هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌و ژمارانه‌ى به‌ڕێز عه‌بادى له‌باره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و داهاته‌كانیه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ ته‌واوى زانیارى هه‌ڵه‌ن و له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتووشدا كاتێك كۆمپانیاى جیهانیى دیلۆیت بۆ وردبینى، ژماره‌ ڕاسته‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و ڕاستییه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه كه‌ به‌ڕێز عه‌بادى له‌و لێدوانانه‌دا پشتى به‌ زانیاریى ڕاست نه‌به‌ستووه‌!. جگه‌ له‌وه‌ى پێشتر به‌ ژماره‌ وه‌ڵامى ئه‌و قسانه‌مان داوه‌ته‌وه‌ و پێویست ناكات چیترى له‌سه‌ر بڵێین!
 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.