کونسووڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان گوتی، وەك كونسووڵی توركیا بەردەوام دەبین و ڕۆڵی خۆمان دەگێڕین بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا و بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانینە دۆستایەتیی نێوانمان و بەردەوام دەبین.
ئەمڕۆ، دووشەممە ٨/١/٢٠١٨، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، پێشوازیی لە هاكان قەرەچای، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەرى كرد.
لە دیدارەكەدا سەرەتا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ناوی خۆى و پەرلەمانی كوردستانەوە بەخێرهاتن و پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی، وەك كونسووڵی نوێی توركیا لە هەرێمی كوردستان لە بەڕێزیان كرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەردانی بۆ پەرلەمانى كوردستان و ئاماژەی كرد بە ڕۆڵی توركیا لە ناوچەكە و ئەو پەیوەندییە لەمێژینەی كە لە نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی توركیادا هەیە و هیوای خواست كونسووڵی نوێی توركیا لە هەرێمی كوردستان زیاتر ڕۆڵی خۆی ببینێ، لە بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیادا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی جاران لە ڕووی سیاسی و بازرگانی و هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند: "هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیرییە بۆ وڵاتانی دراوسێ، وەك توركیا و ئێران و بەپێچەوانەوە، زیاتر چاومان لەوەیە، كە دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلانی دراوسێمان و پەیوەندییەكانمان زیاتر بەرەوپێش بەرین".
هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بە چەند پرسێكی گرنگ و هەنووكەیى كرد، كە لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەگوزەرێن، بەتایبەت گفتۆگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، كە ئێستا نزیك بوونەوەیەك هەیە و ڕایگەیاند: "حكوومەتی عێراق وەك پێویست نایەتە پێش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، وەك ئەو ڕووداوانەى كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویان دا، هیچ گوێیان بۆ داخوازییەكانی گەلی كوردستان نەگرتووە و دەستووریان پێشێل كردووە، ئێمە دەخوازین و داوا دەكەین هەموو كێشەكانى نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بە دیالۆگ و گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكرێن، نەوەك بە هێزی سەربازی و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تەعریب لە ناوچە كوردستانییەكاندا".
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بە كۆبوونەوەكان كرد، كە لە ئێستا حكوومەت و كۆمیسیۆن لە گفتۆگۆدان بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند: "بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بەنیازین بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەین".
پاشان خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، كورتەیەك لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و كاری پەرلەمانی و هەڵبژاردنى لە هەرێمی كوردستان بۆ شاندی میوان شی كردەوە و داوای لە كونسووڵی نوێی توركیا كرد، كە هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ پەرەپێدان و پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و توركیا لە بوارەكانی سیاسی و بازرگانی و پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەكەدا، كە بە قازانجی گشت لایەكە.
لەبەرامبەردا، هاكان قەرەچای، كونسووڵی نوێی توركیا سپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە جێگرى سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەو پێشوازییە و ئامانجی سەردانەكەی بۆ پەرلەمانی كوردستان ڕوون كردەوە، كە بۆ ئاشنابوون بە بارودۆخی سیاسی و ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا هەیە و هیوای خواست بە زووترین كات لە ڕێگەی دەستووری عێراقەوە چارەسەر بكرێن و مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد و گوتی: "وەك كونسووڵی توركیا بەردەوام دەبین و ڕۆڵی خۆمان دەگێڕین بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا و بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانینە دۆستایەتیی نێوانمان و بەردەوام دەبین
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.