Erbil 11°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 13:05

له‌ماوه‌ی ساڵێکدا ئێران ١١٢ هاووڵاتی کوردی له‌ سێداره‌ داوه‌

له‌ ساڵی ٢٠١٧
کوردستان TV
100%

له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو ٢٠١٧ حوكمی سێداره‌ی ١١٢ هاووڵاتیی كورد له‌ به‌ندیخانه‌كانی ئێران به‌ڕێوه‌ چووه‌ كه‌ دوو كه‌سیان ژن بوون.

به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماری تۆماركراو له‌ ناوه‌ندی ئاماری هه‌نگاو له‌ ماوه‌ی ساڵی ٢٠١٧ دا، حوكمی سێداره‌ی ١١٢ هاووڵاتیی كورد له‌ ئێران به‌ڕێوه‌ چووه‌ كه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی ٢٠١٦ چوار حاڵه‌ت زیادی كردووه‌.

 به‌ پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌، له‌ كۆی ئه‌و ١١٢ كه‌سه‌ی كه‌ له‌سێداره‌ دراون، دوو كه‌س به‌ تۆمه‌تی چالاكی سیاسی و مه‌زهه‌بی، ٧٣ كه‌س به‌ تۆمه‌تی بازرگانی كردن به‌ مادده‌ سڕكه‌ره‌كان، ٤١ كه‌س به‌ تۆمه‌تی قه‌تڵی ئه‌نقه‌ست، ٤ كه‌س به‌ تۆمه‌تی دزی چه‌كدارانه‌ و دوو كه‌س به‌ تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی له‌لایه‌ن دادگاكانی ئێرانه‌وه‌ حوكمی سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌ و حوكمه‌كه‌یان له‌ ساڵی ٢٠١٧ دا جێبه‌جێ كراوه‌.

به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماری هه‌نگاو، حوكمی سێداره‌ی ٨ كه‌س له‌و ١١٢ كه‌سه‌ له‌ پێش چاوی خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ چووه‌ كه‌ ٣ كه‌سیان له‌ شاری ئیلام، ٢ كه‌سیان له‌ شاری سه‌رپێڵی زه‌هاو و ٣ كه‌سیش له‌ شاره‌كانی شائاباد، سه‌ڵماس و خۆی له‌پێش چاوی خه‌ڵك له‌سێداره‌ دراون.

ئه‌و ڕێژه‌یه‌ به‌ نیسبه‌ت ساڵی ٢٠١٦دا ٣ حاڵه‌ت زیادی كردووه‌. له‌ ساڵی ٢٠١٦ دا حوكمی سێداره‌ی ٥ هاووڵاتیی كورد له‌پێش چاوی خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ چوبوو.

هه‌روه‌ها، زیاترین حوكمی سێداره‌ی هاووڵاتیانی كورد له‌ به‌ندیخانه‌ی ئورمیه‌ بووه‌ كه‌ ٤٤ حاڵه‌ت بووه‌، به‌ندیخانه‌كانی كرماشان به‌ ١٧ حاله‌ت و خوڕه‌مئاوا به‌ ١٠ حاڵه‌ت دوای ئورمیه‌ زیاترین هاووڵاتی كوردیان تێدا له‌سێداره‌ دراون.

 به‌ پشتبه‌ستن به‌و ئاماره‌، له‌ كۆی ئه‌و ١١٢ هاووڵاتییه‌ كورده‌ی كه‌ له‌سێداره‌ دراون، ٥٥ كه‌سیان خه‌ڵكی پارێزگای ئورمیه‌، ١٩ كه‌سیان خه‌ڵكی پارێزگای كرماشان، ١٦ كه‌سیان خه‌ڵكی پارێزگای لوڕستان، ٩ كه‌سیان خه‌ڵكی پارێزگای سنه‌، ٥ كه‌سیان خه‌ڵكی پارێزگای ئیلام و ٥ كه‌س له‌ هاووڵاتیانی كوردی خوراسان و كه‌سێكی كوردی قه‌زوێن بووه‌.

كه‌م ته‌مه‌ن ترین هاووڵاتی كورد كه‌ له‌سێداره‌ دراوه‌ ٢١ ساڵ و به‌ ته‌مه‌ن ترینیشیان ٦٣ ساڵان بووه‌.

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.