ڕاپۆرتە وەرزشییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە کە هەردوو یانەی بارسێلۆنا و پاریس سانت جێرمان لەسەر گواستنەوەی فێران تۆرێس، هێرشبەری نێودەوڵەتیی ئیسپانی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە گرێبەستەکە بە فەرمی ڕابگەیێندرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی (SPORT)ی ئیسپانی، یانە پاریسییەکە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ وەک بڕی جێگیر و 5 ملیۆن یۆرۆ وەک گۆڕانکاری و پاشکۆ دەداتە بارسێلۆنا. ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە هات کە بارسێلۆنا پێشتر دەستپێشخەرییەکی تری پاریسییەکانی ڕەتکردبووەوە کە بڕەکەی 40 ملیۆن یۆرۆی جێگیر و 10 ملیۆن یۆرۆی گۆڕانکاری بوو، بەڵام ناسر ئەلخەلیفی بڕیاریدا ئۆفەرەکەی باشتر بکات بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵەکە.
لویس ئێنریکی، ڕاهێنەری پاریس سانت جێرمان، هۆکاری سەرەکی بووە لە سەرکەوتنی ئەم گرێبەستەدا. ئێنریکی کە دەیەوێت هێڵی هێرشبەری تیمەکەی بە یاریزانێکی فرەکارامە بەهێز بکات، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تۆرێس کردووە و پڕۆژە و ڕۆڵی تیمی نوێی بۆ ڕوون کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە یاریزانەکە بڕیاری کۆتایی بدات بۆ جێهێشتنی کامپ نۆ.
فێران تۆرێس کە خاوەنی گۆڵی سەرکەوتنی ئیسپانیایە لە مۆندیالدا، سەردانی شارە وەرزشییەکەی بارسێلۆنای کردووە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە هاوڕێکانی و ستافی یانەکە بکات پێش ئەوەی بەرەو پاریس بفڕێت. سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆرێس گرێبەستێکی بۆ ماوەی 5 وەرز لەگەڵ پاریس سانت جێرمان واژۆ دەکات و مووچەکەشی هاوتای ئەستێرە پلە یەکەکانی یانە فەرەنسییەکە دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.