Erbil 8°C سێشەممە 31 کانونی یەکەم 00:44

کوردستان وه‌ڵامی به‌غدا ده‌داته‌وه‌

دانیشتن و گفتوگۆی جددی رێگه‌ی راستی چاره‌سه‌ركردنی كێشانه‌
کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا به‌ داتا خاڵ وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی ،سه‌رۆك وه‌یزانی عێراق ده‌داته‌وه‌.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: له‌ كاتێكدا هه‌وڵێكی زۆر له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی ئه‌رێنیمان له‌ به‌غداوه‌ بینی و هه‌ستمان به‌ كه‌شێكی ئه‌رێنی بۆ ده‌سپێكردنی دیالۆگ كرد و شاندێكی حكوومه‌تی عێراق سه‌ردانی ھه‌رێمی كوردستانیان كرد، به‌ڵام له‌ كۆنگره‌ رڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ زمانێك كه‌ خزمه‌تی ئه‌و كه‌ش و ئاڕاسته‌ ئه‌رێنییه‌ ناكات قسه‌ی كرد و كۆمه‌ڵێك زانیاریی ناڕاستی ده‌رباره‌ی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندار به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خسته‌ ڕوو. بۆیه‌ پێمان وایه‌ دانیشتن و گفتوگۆی جددی، رێگه‌ی راستی چاره‌سه‌ركردنی كێشانه‌، نه‌ك قسه‌ و لێدوانی رۆژنامه‌وانی كه‌وا بۆ نزیكه‌ی سێ مانگه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌ كرده‌یی هیچی لێ به‌رهه‌م نه‌هات. جاری دووه‌مه‌ له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیدا به‌ڕێز عه‌بادی باس له‌ به‌رهه‌مێهێنان و فرۆش و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ژماره‌ی نادروست ده‌خاته‌ ڕوو:

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك كراوه‌ كه‌ وه‌كو روونكرده‌وه‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و تێیدا هاتووه‌: یه‌كه‌م: دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ٢٠١٤ حكوومه‌تی عێراق بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كرد و له‌وساوه‌ تا ئێستا داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچه‌ خه‌رج ده‌كرێت.

دووه‌م: هه‌ردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ مووچه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ش دوای په‌یڕه‌وكردنی ناچاریی سیستمی پاشه‌كه‌وت، بڕی ١٢ ترلیۆن و ٧٧ ملیار و ٧٦٤ ملیۆن دینار بۆ مووچه‌ خه‌رج كراوه‌ كه‌ ھه‌مووی له‌و داھاته‌ بووه‌.

سێیه‌م: به‌ڕێز عه‌بادی ده‌ڵێت: مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٧ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ ٤٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌. لای هه‌مووان ئاشكرایه‌، پاش رووداوه‌كانی ١٦/١٠/٢٠١٧ هه‌ردوو كێڵگه‌ی ئاڤانا و بای حه‌سه‌ن كه‌ رۆژانه‌ به‌ تێكڕای ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌بووه‌، كه‌وتنه‌ ژێر ده‌ستی حكوومه‌تی عێراق و كۆمپانیای نه‌وتی باكوور و له‌وساوه‌ هه‌نارده‌كردن له‌و دوو كێڵگه‌یه‌ راوه‌ستاوه‌، له‌و به‌رواره‌شه‌وه‌ ئیتر هه‌رێمی كوردستان داهاته‌كه‌ی بووه‌ته‌ نیوه‌.

چواره‌م: له‌ دوای ١٦/١٠/٢٠١٧ـه‌وه‌ تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تێكڕای هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ ٢٦٥ ھه‌زار و ٩٧٠ به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ كه‌ به‌ نرخی برێنت نه‌فرۆشراوه‌ و داهاته‌كه‌ی ناكاته‌ دوو ترلیۆن دینار وه‌ك به‌ڕێز عه‌بادی ئیدیعای ده‌كات.

پێنجه‌م: وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵی ٢٠١٤ـه‌وه‌ تاكو كۆتاییی ٢٠١٦ راپۆرتی مانگانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و فرۆش و داهاتی نه‌وتی خستووه‌ته‌ روو. له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٧یشه‌وه‌ كۆمپانیای جیهانیی (دیلۆیت) وردبینیی ته‌واوی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات كه‌ به‌م زووانه‌ راپۆرتی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ٢٠١٧ ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌و ژمارانه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ی پێده‌دات، وردبینی نه‌كراون و جێگه‌ی گومانن، چونكه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٦ به‌دواوه‌ ئه‌ندامیه‌تیی عێراق له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی شه‌فافیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی (EITI) به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی پێوه‌ره‌كانی شه‌فافیه‌تی نه‌وته‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌.

شه‌شه‌م: مووچه‌ی یه‌ك مانگی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ٨٥٠ ملیار دیناره‌، له‌گه‌ڵ پاشه‌كه‌وتی ناچارییش ئینجا نزیكه‌ی ٦٠٠ ملیار دیناره‌ بۆ هه‌ر مانگێك، كه‌چی به‌ڕێز عه‌بادی ده‌ڵێت ته‌نها ٣٠٠ ملیار دیناره‌. هه‌روه‌ها داھاتی مانگانه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ سێ مانگی كۆتایی٢٠١٧ی به‌ ٥٤٤ ملیار دیناری عێراقی دیاری كردووه‌ كه‌ نرخی نه‌وتی برێنته‌، له‌ كاتێكدا نه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ نه‌وتی عێراقیش به‌ نرخی برێنت نافرۆشرێن!‌. نازانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌م زانیارییه‌ ناڕاستانه‌ی به‌ڕێز عه‌بادی چییه‌ و چۆن ده‌توانێت پشتڕاستی بكاته‌وه‌؟!

حه‌فته‌م: به‌راوردكردن و هاوتاكردنی تێچووی نه‌وت له‌ هه‌رێم و عێراق نادروست و ناڕه‌وایه‌ كه‌ به‌ڕێز عه‌بادی به‌ ١١ هه‌زار دیناری عێراقی داناوه‌. به‌ڕێز عه‌بادی خۆی باش ئه‌وه‌ ده‌زانێت گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستی به‌شداریكردنن له‌ به‌رهه‌مهێنان، نه‌ك گرێبه‌ستی خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئه‌وانه‌ی عێراق كه‌ ته‌مه‌نی بلۆكه‌كانی ده‌یان ساڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ی ته‌نها له‌ پڕۆژه‌ ‌بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقدا بڕی ٢٨ ترلیۆن و ٧٧٠ ملیار دینار بۆ خه‌رجیی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ عێراق ته‌رخان كراوه‌، كه‌چی هیچ بۆ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان دابین نه‌كراوه‌، پابه‌ندیش كراوه‌ رۆژانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات!.

هه‌شته‌م: له‌ بودجه‌ی ٢٠١٨ی عێراقدا ٣٣٤ ملیار دینار بۆ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌، كه‌ به‌ پاشه‌كه‌وتیشه‌وه‌ ئینجا ده‌كاته‌ نیوه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠١٧دا ٤٩٧ ملیار دینار بوو، هۆكاری ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ دیار نییه‌، له‌ كاتێكدا ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌مان ژماره‌یه‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌كانیاندا رووی نه‌داوه‌.

نۆیه‌م: له‌گه‌ڵ بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤ـه‌وه‌، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش ناردنی به‌رھه‌می نه‌وتی بۆ ھه‌رێمی كوردستان راگرت كه‌ مافی ده‌ستووریی خۆیه‌تی به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان، له‌ پاڵاوتنی نه‌وت له‌ عێراق سوودمه‌ند بێت و پێویستی به‌ ٣٠٠ ملیۆن لیتر سووته‌مه‌نی هه‌یه‌، كه‌چی حكوومه‌تی فیدراڵ ته‌نها بڕی ٣٠ ملیۆن لیتری ناردووه‌، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی تا ئێستا جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان شایسته‌ی داراییی خۆیان له‌ ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ٧٣٣ ملیار دیناری عێراقی.

ده‌یه‌م: هه‌رچی په‌یوه‌ندیداریشه‌ به‌ ناردنی ده‌رمانه‌وه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٥ـه‌وه‌ تا ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، هیچ كاتێك هه‌رێمی كوردستان سه‌دا سه‌دی پشكی خۆی وه‌رنه‌گرتووه‌ و ئه‌وه‌ی وه‌ریگرتووه‌ به‌ تێكڕایی له‌ سه‌دا ٦٠ تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌.

یازده‌م: سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ی هه‌ندێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دیاریكراو، وه‌ك به‌نداوه‌كان، ره‌گه‌زنامه‌ و ئیقامه‌یش، ئه‌وانه‌ هه‌ر خۆیان فه‌رمانگه‌ی فیدراڵین له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی ده‌ستوور مووچه‌یان له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراقه‌. ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌نداوه‌كانیش به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانیان ته‌نیا ٤٢٩ فه‌رمانبه‌ره‌ و مووچه‌ی مانگانه‌یان ٣٨٩ ملیۆن دیناره‌:.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.