مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان رۆژی شەممە 23-12-2017، راگەیێندراوێكی سێ خاڵی لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابووری كوردستان و داواكاریی خۆپیشاندەران بڵاوەكردەوە.
لە خاڵی یەكەمی راگەیێندراوەكەیدا، حیزبی شیوعی پشتیوانی داواكاریی خۆپیشاندەران دەکات، داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکات داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات، ئەمەش لەڕێگەی گەڕاندنەوەی مووچە و گۆڕینی سیاسەتی ئابووری.
لە خاڵی دوومی راگەیێندراوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێویستە بە رێگای ئاشتییانە دەسەڵات ئاڵوگۆڕبكرێت.
ئەوەش هاتووە: "ناكرێت چارەسەرکردنی قەیرانەكان بە رێككەوتنی دووقۆڵی حیزبی بكرێت، پێویستە حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و رێگا بە پێكدادانی چەكداری نەدەن، كە دەبێتە مەترسییەكی گەورە لەسەر دواڕۆژی كوردستان".
حیزبی شیوعی لە دوایین خاڵدا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و پابەندبوون بە ئەنجامەكانییەوە دەکات، ئەمەش بە رێگەچارە دەزانێت بۆئەوەی جەماوەر لەڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە ئیرادەی خۆی دەرببڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.