ئێواره‌ى ئه‌مرۆ دووشه‌ممه بوومەلەرزەیەک هه‌رێمى كوردستان و کوردستانی رۆژهەڵاتی گرته‌وه‌و لە بەشێک لە شارەکان هەستیپێکراوە.
له‌م باره‌وه دارا حەسەن، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 5:14ی خولەکی ئێوارەى ئه‌مرۆ دووشه‌ممه بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەر روویداوەو لە شارى هه‌ولێرو دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە و دەربەندیخان و شارەکانی دیکەی کوردستان هەستیپێکراوە.
هه‌روه‌ها بوومەلەرزەکە لە شاره‌كانى کرماشان و سنەو چه‌ند ناوچه‌یه‌كى رۆژهه‌لاتى كوردستان روویداوە، به‌لام ئامارى زیان و قوربانیه‌كان ئاشكرا نه‌كراوه.
قایمقامی دەربەندیخان، رایگەیاند، بەھۆی بوومەلەرزەکەوه چەند خانوویەک لە قەزاکە رووخاون، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و بەنداوەکەی دەربەندیخان هیچ زیانی به‌ر نه‌كه‌وتووه.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیش، راگەیاند، بەھۆی بوومەلەرزەکەوه کچێک لە قادرمەوە خۆی ھەڵداوەتە خوارەوەو بریندار بووە.
فازیل ئیبراھیم، بەڕێوەبەرەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستانیش، رایگەیاند، پلەی زەمینلەرزەکە 6 پله‌ی رێختەر بووە.
له لایه‌كى تره‌وه ئاژانسی "ئیرنا" کە زمانحاڵی حکومەتی ئێرانە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه دوا ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەی 12ـی مانگی رابردووی پارێزگای کرماشانی راگەیاند، بە پێی ئامارەکە 620 کەس لە پارێزگای کرماشان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەكان ھی ناوچەی سەرپێلی زەھاون كە 559 كەس لەوێ گیانیان لەدەستداوە، هه‌روه‌ها لە سەلاسی باوەجانی 23 كەس گیانیان لەدەستداوە.
رۆژانە ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەكەی سەرپێلی زەھاو و دەورووبەری زیاد دەكات، ژمارەیەك هاووڵاتى بێسەروشوێن بوون و تاكو ئێستا چارەنووسیان دیار نیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.