Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 04:11

بێرنهام 14,000 شوێنی نوێ بۆ زیندانییان دابین دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

ئاندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، زنجیرەیەک بڕیاری ستراتیژیی بۆ چارەسەرکردنی "قەیرانی زیندانەکان" لە وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند، کە تێیدا جەختی لە پاراستنی قوربانییان و توندکردنەوەی چاودێریی سەر تاوانباران کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەگی ئەم قەیرانە بۆ شکستی ساڵانی 2010 بۆ 2024 دەگەڕێتەوە، کە تێیدا تەنها 500 شوێنی نوێ لە زیندانەکاندا زیاد کراون و لە بەرامبەردا 23 زیندان داخراون. بێرنهام هۆشداری دا کە ئێستا سیستەمەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەر هەنگاوی خێرا نەنرێت، زیندانەکان پڕ دەبن و پۆلیس و دادگاکان ناتوانن تاوانبارانی نوێ ڕەوانەی زیندان بکەن.


بێرنهام ڕایگەیاند کە یەکێک لە یەکەمین بڕیارەکانی وەک سەرۆک وەزیران، ڕاگرتنی پلانی "ئازادکردنی پێشوەختە" بووە تاوەکو پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت. بەپێی ئەنجامی پێداچوونەوەکە، بڕیار درا کە ئەو کەسانەی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی، تاوانی سێکسی بەرامبەر منداڵان و تاوانە مەترسیدارەکانیان ئەنجامداوە، بە هیچ شێوەیەک ئازادکردنی پێشوەختە نەیانگرێتەوە.


بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەبوونی شوێن لە زیندانەکاندا ئازاد دەکرێن، حکوومەت ڕێکاری یەکجار توند دەگرێتە بەر، لەوانە:

بەستنی سیمکارتی ئەلیکترۆنی (Tag) بۆ چاودێریکردنی جووڵەکانیان.

دیاریکردنی ناوچەی قەدەغەکراو بۆیان بە ڕەزامەندیی قوربانییەکان.

پێدانی دەسەڵات بە ئەفسەرانی چاودێری (Probation officers) بۆ قەدەغەکردنی شۆفێری و چوون بۆ شوێنە گشتییەکانی وەک "پەب"ـەکان لە لایەن تاوانبارانەوە.


سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە قوربانییانی تاوان دەبێت لە چەقی سیستەمی دادوەریدا بن، بۆیە بڕی 10 ملیۆن پاوەندی وەک بودجەی نوێ بۆ دابینکردنی هاوکاریی دەروونی و مرۆیی بۆ قوربانییان و دروستکردنی هێڵێکی گەرمی نیشتمانی تەرخان کرد.


بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم قەیرانە، بێرنهام ڕایگەیاند کە حکوومەتەکەی خێراترین پڕۆژەی بونیادنانی زیندان لەوەتەی سەردەمی ڤیکتۆریاوە دەست پێ دەکات، کە ئامانج لێی دابینکردنی 14,000 شوێنی نوێیە تاوەکو ساڵی 2031. هەروەها داوای لە وەزیری داد کردووە پێداچوونەوە بە سزاکانی (IPP)دا بکات و پڕۆسەی ناردنەوەی تاوانبارانی بیانی بۆ وڵاتەکانی خۆیان خێرا بکات.

ئاندی بێرنهام، کە مێژوویەکی درێژی لە داکۆکیکردن لە قوربانییانی کارەساتەکانی وەک "هیڵزبۆرۆ" هەیە، وتی: "دەزانم ئەمە چارەسەرێکی بێخەوش نییە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بونیادنانەوەی سیستەمێکی دادوەری کە جێگەی متمانەی گەلی بەریتانیا بێت."

 

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.