بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە ناحیەی عەربەت دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە سەبارەت بە شکانی لقی دارێکی بەڕووی دێرین لە گوندی داربەڕوو، کە وەک سەروەتێکی سروشتی و کەلەپووریی ناوچەکە دەبینرێت.
دوای ئاگادارکردنەوەی بنکەی پۆلیسی دارستانی عەربەت لە ڕووداوەکە، دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوور ئاگادارکرایەوە و بڕیاری دا بە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕووداوەکە، هاوکات فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی لقە شکاوەکانی ئەو دارە درا کە تەمەنی بۆ نزیكەی 400 ساڵ دەگەڕێتەوە.
تیمەکانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕووداوەکە، تاوەکو بزانرێت ئایا شکانەکە بەهۆی هۆکارە سروشتییەکانی وەک با و کۆنیی دارەکەوە بووە، یان دەستکاری و هۆکاری مرۆیی لەپشتەوەیە.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی دارستانەکان و ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژینگە و دارە مێژوویی و تەمەن درێژەکانی ناوچەکە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.