ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، تاران و مەسقەت لە تاوتوێی پلانێکی کاتیدان بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە بەپێی پلانەکە ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو کەشتییانە دەکات کە دێنە ناو گەرووەکە.
سەرچاوە ئێرانییەکە ئاشکرای کردووە، ئەو پلانە کاتییەی لەگەڵ عومان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەشتییە ناوخۆییەکان دەداتە تاران. سەبارەت بەو کەشتییانەشی کە لە گەرووەکە دەچنە دەرەوە، ڕێڕەوێکی تایبەت لە نێوان ئێران و عومان دیاری دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، سوڵتان نشینی عومان بەرپرس دەبێت لە ڕێگەپێدان بە چوونە دەرەوەی کەشتییەکان، بەڵام ئەمەش تەنها دوای ئەوە دەبێت کە لایەنی ئێرانی لە ناسنامە و جووڵەی کەشتییەکان ئاگادار دەکاتەوە.
ئەم ڕێککەوتنە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ڕۆڵی هەردوو وڵات لە بەڕێوەبردنی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بەهێزتر دەکات. بە جۆرێک دابەشکارییەکە بەو شێوەیە دەبێت کە تاران سەرپەرشتی هاتنە ناوەوە بکات و مەسقەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران سەرپەرشتی چوونە دەرەوە بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی جووڵەی بازرگانی و ئەمنی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.