Erbil 13°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 11:49

به‌یاننامه‌ی مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ و په‌یمانگاکان دژی وته‌کانی عه‌بادی

گەلی كوردستان ئازادیخوازە و خۆی لەبەرانبەر هیچ زوڵم و گوشار و زێدەڕۆییەك بەدەستەوە نادات
به‌یاننامه‌ی مامۆستا و قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگاكان دژی وته‌كانی عه‌بادی
کوردستان TV
100%

ئێمە مامۆستا و قوتابیانی بەش و كۆلیژەكانی زانكۆی سەلاحەددین و زانكۆی پۆلی تەكنیك لێرەدا كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بە دەنگێكی بەرز ئیدانەی قسەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بكەین كە دژایەتیكردنی دەنگی گەلی كوردستانی بە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش شوبهاندووە.

ئەو وتەیەی عەبادی دەرخەری عەقلیەت و جۆری بیركردنەوەی بەشێكی دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراقە كە بە شێوەیەكی مەترسیدار دژایەتیی گەلی كوردستان دەكات. 

سەرباری ئەوەش بڕیار و ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی عێراقی لەدژی گەلی كوردستان نادەستووری و نایاسایی و سزادانی بە كۆمەڵی گەلی كوردستانە. 

بەكارهێنانی هێزی چەكدار و كارتی بودجە لەدژی خەڵكی كوردستان نەك تەنیا پێشێلكردنی دەستوورە بەڵكو پێشێلكردنی هەموو عێراق و چەمكی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانە كە حكوومەتی عێراقی بەشێوەیەكی مەنهەجی كاری بۆ دەكات.

شوبهاندنی پەیامی ئاشتیانەی گەلی كوردستان بە داعش لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقی نابەرپرسیارانەیە و پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت. ئەو قسانەی عەبادی سووكایەتیكردنە بە دەنگی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی سێ ملیۆن مرۆڤ كە جگە دەربڕینی ڕای خۆی هیچی لەدژی كەس نەكردووە.  

ئەوە لە حاڵێكدایە كە گەلی كوردستان زیاتر لە 1800 شەهید و دەهەزار برینداری لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەخشیوە و بووە بەرگریكاری هەموو جیهان. عەبادی ناتوانێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو ئەفسانەی داعشی شكاند و زەمینەی بۆ شكستی داعش خۆش كرد. 

ئازادكردنی موسڵ بەرهەمی خوێنی پێشمەرگە بوو. پێشمەرگە هێڵە بەرگرییەكانی داعشی لە موسڵ شكاند و كلیلی سەركەوتنی دایە دەست عەبادی و ڕێگەی بۆ هێزەكانی عێراقی خۆش كرد كە بچنە ناو شاری موسڵ.

ئابڵۆقەدان و سزای بەكۆمەڵ و ئاوارەكردنی خەڵك و ئەنفالی دوزخورماتۆ و ئەو هەڵسوكەوتەی سەرۆك وەزیرانی عەبادی لەدژی كوردستان دەستی پێكردووە هەڵسوكەوتێكی دوژمنكارانەیە و دوورە لە دەستوور و یاسا و پڕەنسیپی پەیمان و وەفا و درێژەپێدەری سیاسەتی نكۆلیكاری بەعسە لە سەددەی ڕابردوو و بگرە خەراپتریشە. 

داعش خەڵكی ئاوارە كرد و گەلی كوردستان ئاوارەكانی حەواندەوە، حكوومەتەكەی عێراقیش هاوشێوەی داعش دەیانهەزار هاووڵاتیی ئاوارە كردووە و تاوانی دەرهەق خەڵكی كوردستان ئەنجام داوە و بێ باكانە بەردەوامە لە پێشێلكارییەكانی.

لێرەدا بە عەبادی و هەموو ئەوانەی وەك عەبادی بیردەكەنەوە، ڕادەگەیێنین كە گەلی كوردستان ئازادیخوازە و خۆی لەبەرانبەر هیچ زوڵم و گوشار و زێدەڕۆییەك بەدەستەوە نادات. 

ئێستا جیلێك لە كوردستان پێگەیشتووە كە ئاشنای ئازادییە و شارەزایە لە دژایەتیكردنی زوڵم و چەوساندنەوە، پێویستیشە عیبرەت لە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی عێراق وەربگرن، هەمیشە زمانی زۆر و چەك و خۆسەپاندن لەدژی گەلی كوردستان شكستی خواردووە، ئەو ڕەفتارەی ئێستای حكوومەتی عێراقیش زۆر بە ڕوونی پێشانی دەدات كە بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم زۆر ڕاست و لەشوێن خۆیدا بووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.