لەگەڵ ئەوەی ساڵی 2017 بە یەكێك لە ساڵە پڕ قەیرانەكان دادەنرێت كە تیایدا چەندین رووداوی بەدوای خۆیدا هێنا، چاوەڕوان دەكرێت ساڵی 2018ش هاوشێوەی ساڵی 2017 كێشە و قەیرانەكان بەردەوام بن .
دامەزراوەی (ئەكابس) بۆ توێژینەوە كە بارەگاكەی لە جنێفه لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، ساڵی 2018 جەنگ و برسێتی و تیرۆر لەچەند ناوچەیەكی جیهان بەردەوام دەبێت و قەیرانی مرۆیش روو له زیاد بوون دەكات .
دامەزراوەكە راپۆرتێكی بەناوی چاوپێداخشاندنی گشتی بۆ رەوشی مرۆیی جیهان بڵاوكردۆتەوە و لێكۆڵینەوەی بۆ 150 وڵاتی جیهان ئەنجامداوە و بۆی دەركەوتووە رەوشی جیهان لەساڵی 2018 لە ساڵی 2017 باشتر نابێت.
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەكە، ساڵی داهاتوو لەگەڵ بەردەوامی شەری ناوخۆ لە ئەفریقا و توندوتیژی و تیرۆر و قەیرانی مرۆیی لەسەرانسەری جیهان زیاتر دەبێت .
(لارس پیتەر نیسن) بەڕێوەبەری دامەزراوەكە رایگەیاندووە" 2017 ساڵێكی خراپ بووە بۆ جیهان، پێشبینی دەكرێت ساڵی داهاتوو لەمساڵ باشتر نەبێت، بەتایبەت ساڵی داهاتوو توندوتیژی و نەبوونی ئاسایش هەریەكە لە ئەفغانستان و كۆماری كۆنگۆی دیموكرات و لیبیا و ئەسیوبیا و مالی و سۆماڵ و سوریا دەگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی (ئەكابس)، ساڵی داهاتوو ئەسیوبیا رووبەڕووی برسێتی گەورە دەبێتەوە، هەروەها باكووری خۆرهەڵاتی نایجیریا و سۆماڵ و باشووری سوودان و یەمەن برسێتی تەنگیان پێ هەڵدەچنێ.
دامەزارەوەكە هۆشداری داوە لە بڵاوبوونەوەی برسێتی لە جیهاندا و رایگەیاندووە، ساڵی داهاتوو 76 ملیۆن كەس لە 45 وڵات پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی دەبێت و ئەوەش بەهۆی شەڕو ململانێكانەوە لە جیهاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.