میلیشیا حوسییەكان دۆسیەكانی ئەنجومەنی سیاسی و ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە پارەوپولیان هەڵگرتبوو لە سەنعای پایتەخت بۆ صەعدەی باكووری یەمەن گواستەوە .
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ سەركردەكانی حوسی خۆیان خانەوادەكانیان سەنعا جێدەهێڵن بەرەو صەعدە بەرێكەوتوون ، ئەویش بەهۆی بەردەوامی شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی كۆنگرەی شەعبی و میلیشیا حوسییەكانی سەر بە ئێران ، كە كوژراوانی هەردوو لا تا ئێستا گەیشتۆتە 245 كوژراو . تا ئێستا هێزەكانی كۆنگرەی شەعبی كۆنترۆڵی چەندین ناوچە و دامەزراوە سەرەكیەكانی نێو سەنعای كردووە .
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە باشووری صەنعای پایتەخت هۆزەكانی بەنی بەهلول توانیویەتی دەست بە سەر هەموو ئەو هاوكاریانە بگرێت كە بۆ میلیشیا حوسییەكان رەوانە كراون لە ناوچەكە . بەهەمان شێوە هۆزەكانی حیمە و هەمەدان لە ماوەی رابردوودا توانیویانە دەست بە سەر تەواوی هاوكارییەكانی حوسیەكان بگرن و بە دەیەها چەكداریان دەستگیربكەن .
لە لایەكی دیكەوە سەرپەرشتیاری میلیشیا حوسییەكان بە ناوی ئەبو موحسین قەحووم لە ناوچەی شعوب بەهۆی پێكدادانی نێوان حوسییەكان و هێزەكانی كۆنگرەی شەعبی كوژراوە .
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.