Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 11:58

نێچیرڤان بارزانى: حکوومه‌تى عیراق ده‌بێت بڕیار و ڕێکاره‌کانى دژ به‌ خه‌ڵکى کوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌

كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
کوردستان TV
100%


دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/11/2017ى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كرد و وه‌ڵامى ڕۆژنامه‌نووسانى دایه‌وه‌.


سه‌ره‌تادا ده‌رباره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند "وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هید و ئه‌نفالكراوانمان ڕاسپاردبوو لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر بارودۆخی ئاواره‌كانی دووزخورماتوو و كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ پێكبهێنن و له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ببینن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخیان تا بزانین چ پێویسته‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش كرد. ئه‌وه‌ی كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ده‌ڤه‌ری دووزخورماتوو ئه‌نجام دراوه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا هاتووه‌. دوای شه‌ڕی داعش پێشبینیمان نه‌ده‌كرد نزیكه‌ی 180 هه‌زار كه‌س له‌ ده‌ستی هێزه‌كانی عیراقی ئاواره‌ ببن و ژماره‌یه‌كی زۆری ماڵ و حاڵی خه‌ڵك سوتێنراوه‌ و ته‌عه‌دایه‌كی زۆر كراوه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ به‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ ده‌بینین و به‌رپرسیارییه‌ته‌كه‌شی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی هێزه‌كانی عیراقی".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان گوتى: "داوا ده‌كه‌ین یه‌كه‌م: حكوومه‌تی فیدراڵی به‌په‌له‌ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دروست بكات و لیژنه‌كه‌ ڕاستییه‌كان بزانن به‌ چ شێوه‌یه‌ك بووه‌، دووهه‌میان و له‌ هه‌مووی گرنگتر قه‌ره‌بووی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكرێته‌وه، سێهه‌میشیان ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ش بكرێن. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌ین به‌ جددی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو پێویست ئاوڕی له‌م بابه‌ته‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ و گرنگه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بێته‌ سه‌ر هێڵ. ئه‌مه‌ بابه‌تێكی گرنگ بوو كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسمان كرد. ئه‌وه‌ی دیكه‌ كارنامه‌ی ڕۆتینی بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس كراوه‌، ئه‌ویش پێشنیاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌ سه‌باره‌ت به‌ یاسایه‌ك ده‌رباره‌ی خاشاك له‌ هه‌رێمی كوردستان و كارنامه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕۆتینی قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌".

له‌ به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌م به‌یانییه‌ به‌شداریمان له‌ مه‌راسیمی ڕاگه‌یادنی هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌مه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بابه‌تێكی زۆر گرنگه‌. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ توانایدا بووه‌ له‌م بواره‌دا ئه‌نجامی داوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ و پێویسته‌ تێڕوانین و بۆچوونه‌كان‌ به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بگۆڕدرێت و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست بونیات بنێیت، پێویسته‌ بابه‌تی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و ژنان كه‌مبكرێته‌وه‌ و بنبڕ بكرێت. ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان ده‌كه‌ین كه‌ كاروباره‌كانیان زۆر باش ئه‌نجام داوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ یه‌كه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كه‌ین كه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ دامه‌زراون و كاری باشیان كردووه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ دادگاكانی كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسانه‌ داویانه‌. ئه‌مانه‌ بابه‌تی گرنگن و پێویسته‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و وه‌زاره‌ته‌كان و خودی كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بوه‌ستێت و هیوادارم به‌ هه‌موومان به‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌گه‌رى هه‌ڵپه‌ساردنی گفتوگۆكان بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوونه‌ و هه‌ر كاتێك به‌غدا بۆ گفتوگۆ ئاماده‌ بێت، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئاره‌زووه‌مان هه‌یه‌ و پێمانوایه‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێویستی به‌ دانوستانێكی جددی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كان بگه‌ینه‌ لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ده‌بێت به‌غدا بڕیار بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ بدات و وه‌ك هه‌رێمی كوردستانیش ئێمه‌ ئاره‌زوومان بۆ گفتوگۆ هه‌یه‌. سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مان، هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌ردانی شاری سلێمانیمان كرد و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ بزووتنه‌وی گۆران، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستاندا كۆبووینه‌وه‌ و ئه‌م دیدارانه‌مان له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت و دواتر سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی واده‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین و بۆ ئێمه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ گرنگه‌ و ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ماوین كه‌ی ڕۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانانه‌یان و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵی، به‌ڕێزیان گوتی "سه‌ردانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی باش بوون و ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌ردانمان كردن، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپانه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگن، له‌وانه‌یه‌ وه‌ك هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان جیاوازیی بیروبۆچوونمان له‌سه‌ر چه‌ند شتێك هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێك پره‌نسیپ هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌ردانمان كردن له‌سه‌ری هاوده‌نگن و ئه‌مه‌ شتێكی هه‌ره‌ گرنگه‌ بۆ ئێمه‌. پێشنیاری حكوومه‌تی كاتی باس كراوه‌ و پێشنیار كراوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان باسی بگه‌ین و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین كه‌ ئایا پێویسته‌ ئه‌و حكوومه‌ته‌ دابمه‌زریت؟ یان وه‌ك پێشتریش باسم كرد ئه‌م حكوومه‌ته‌ خۆی كاتییه‌ و واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ین و ده‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنێكی ڕێكوپێك بكه‌ین، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك پره‌نسیپ له‌سه‌ری ڕیككه‌وتووین و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین و هه‌موو لایه‌كمان له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندا بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین".

ده‌رباره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و ده‌ركردنی مه‌رسووم بۆ پارێزگاری نوێی سلێمانی و پرسى به‌شداریى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكوومه‌تدا به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ئه‌م په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌ واده‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ دوو خولی یاسایی، واته‌ هه‌شت مانگ درێژ كراوه‌ته‌وه‌، دوای دیدارمان له‌گه‌ل لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌توانین بڕیار له‌سه‌ر دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن بده‌ین. سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی مه‌رسووم بۆ پارێزگاری نوێی سلێمانیش، به‌ڵێ ئه‌وه‌ كراوه‌ و ئیمزام كردووه‌. گۆران له‌ حكوومه‌تدان و له‌ حكوومه‌تی خۆجێیی سلێمانی به‌شدارن و ئه‌مڕۆش پارێزگاریان هه‌یه‌ و وه‌ك پێشتریش باسم كردووه‌ به‌شی خۆیان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ و وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و هیوادارین پارێزگاری نوێی سلێمانی له‌ كاره‌كانی سه‌ركه‌وتووبێت و بتوانێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌تی هه‌موو سنووری پارێزگای خۆشه‌ویستی سلێمانی بكات و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین له‌ كاره‌كانیدا".

سه‌باره‌ت به‌ هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌و هاوكارییانه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "واده‌ی پرۆتۆكۆلی هاوكارییه‌كه‌ كۆتایی هاتبوو، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكین بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ و كێشه‌یه‌ك نابینم كه‌ ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ نوێ بكرێته‌وه‌ و به‌رده‌وام بێت".

ده‌رباره‌ی دۆخی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان و پلانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ باشكردنی كاره‌با و توانای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دانی مووچه‌ی هاووڵاتیان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "كێشه‌ی كاره‌با دوو به‌شه‌، به‌شێكیان به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه‌ كه‌ له‌م به‌شه‌دا كێشه‌یه‌كی وه‌ها گه‌وره‌مان نییه‌، به‌شی دیكه‌شیان چۆنیه‌تیی دابه‌شكردن و به‌كارهێنانیه‌تی كه‌ كێشه‌یه‌كی زۆری تێدایه‌. خۆتان ده‌زانن له‌ هه‌رێمی كوردستان كاره‌با وه‌ك پێویست ده‌ستی پێوه‌ ناگیرێت و زیاده‌ڕۆییه‌كی ئێكجار زۆر له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و كه‌لتووره‌ له‌ناو ئێمه‌دا هه‌یه،‌ هیچ حسابێك بۆ ئه‌وه‌ ناكرێت كه‌ ده‌بێت ئه‌و كاره‌بایه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگیرێت و هه‌وڵ بدرێت زیاده‌ڕۆیی تیادا نه‌كرێت و ئه‌و گلۆپانه‌ی كه‌ پێویست نییه‌ بكوژێنرێنه‌وه‌ و ئه‌و كه‌لتووره‌ خرابه‌ له‌ ناو ئێمه‌دا هه‌یه‌. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ زۆر پێی ناڕه‌حه‌ت ده‌بم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ به‌م شێوه‌یه‌ بێت؟!، له‌ وڵاتان ده‌چییه‌ ژورێك گه‌ر پێویست نه‌بووه‌ كاره‌بای ژووره‌كه‌ ده‌كوژێنرێته‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ به‌ ڕۆژیش كاره‌با ناكوژێننه‌وه"‌.

هه‌روه‌ها گوتى "وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانمان هه‌بووه‌ و وه‌زاره‌تی كاره‌با زۆر به‌ جددی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان خه‌ریك بوو به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ی دوای بابه‌تی ریفراندۆمی به‌سه‌ردا هات، پلانێكمان هه‌یه‌ هه‌م بۆ چاككردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی كاره‌با و هه‌م بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی زیاد له‌ پێویست كاره‌با به‌كارده‌هێنێت، ده‌بێت پاره‌كه‌یشى بدات و ئێستا خه‌ریكی ئه‌وه‌ین‌. سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ تا ئه‌و كاته‌ی بۆمان ده‌كرێت له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و ئێستاش وه‌ك ئاگادارن دابه‌ش ده‌كرێت".

له‌باره‌ى مووچه‌شه‌وه‌ ڕایگه‌یاند "خۆتان ده‌زانن زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر ڕه‌وشی داراییی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌ و نیوه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌مان ده‌كرد ئێستا له‌ ده‌ستی عیراقدایه‌، به‌داخه‌وه‌ سوودیشی لێ نابینێت و ئاماده‌ش نییه‌ بیداته‌ ده‌ستی ئێمه‌ مووچه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی پێ دابین بكه‌ین. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خه‌مخۆری هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانن و ئاماده‌ن مووچه‌ بده‌ن. من لێره‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماده‌یه‌ مووچه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمى بایۆمه‌تریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بدات، ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌یانی لیسته‌كانیان بۆ بنێرین، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكی زۆر نیگه‌رانین".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوونى كرده‌وه‌ "ئێستا ئێمه‌ نیوه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی پێشوو هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كه‌ین و نیوه‌ی دیكه‌ش ئه‌وان كه‌ هیچ قازانجی لێ ناكه‌ن له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ش نین حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیوه‌ی ژێر ده‌ستیان هه‌نارده‌ بكات، تا نه‌گه‌ینه‌‌ ڕێككه‌وتنێكی گشتی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماده‌ نین ئه‌وه‌مان بۆ بكه‌ن. هه‌رێمی كوردستان به‌ بارودۆخێكی زۆر سه‌ختدا تێده‌په‌رێت و تێگه‌یشتنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر گرنگه‌، تا ئێستا ئێمه‌ ئه‌م مووچه‌یه‌مان داوه‌ و له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ بۆمان نه‌كرێت مووچه‌ دابین بكه‌ین، به‌ فه‌رمی ڕایده‌گه‌یه‌نین و ده‌ڵێین بۆمان ناكرێت و بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ ڕاستییه‌ به‌ هاووڵاتیانی خۆمانی ده‌ڵێین".

سه‌باره‌ت به‌ داوای به‌غدا بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ حكوومه‌تی فیدراڵی، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ئه‌و شتانه‌مان هه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندن بیستووه‌ و تا ئێستا به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن تا بزانین مه‌به‌ست له‌ ڕاده‌ستكردن چییه؟‌. له‌ ده‌ستووری عیراقدا به‌ ڕوونی ئه‌ركه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر بابه‌تی سنووره‌كان دیاری كراوه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان كار ده‌كات، ئایا به‌غدا به‌ هاووڵاتیی عیراقی نازانێت؟!. خۆ ئه‌ویش هاووڵاتیی عیراق،ه‌ با كورد بێت و به‌ كوردی قسه‌ بكات، به‌ڵام ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌كه‌ی هاووڵاتیی عیراقییه‌، ڕاده‌ستكردن چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ ڕاده‌ستی كێی بكه‌ین؟! ئه‌مانه‌ش عیراقین و خه‌ڵكی عیراقن".

زیاتریش له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتى: "ئایا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئاماده‌بوونیان هه‌بێت تا بزانن خاڵه‌ سنوورییه‌كان چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چن؟ ئێمه‌ ڕێگر نین و با بفه‌رموون له‌ سنوور و فڕۆكه‌خانه‌كان هاوكارییان ده‌كه‌ین تا بزانن چۆن به‌ڕێوه ‌ده‌چن؟، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ ڕاده‌ستكردن ئه‌وه‌ بێت چونكه‌ یه‌كێك به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كات و ده‌بێت فڕۆكه‌خانه‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ین، خۆ كورده‌كه‌ش هه‌ر عیراقییه‌. ئه‌وان هه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندن قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌كه‌ن و دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌نجام ناده‌ن، گه‌ر هه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنیشه‌وه‌ بێت، ڕه‌وشه‌كه‌ هه‌ر وا ده‌بێت".

ده‌رباره‌ی زیادكردنی مه‌رجه‌كان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆتاییهێنان به‌ گه‌مارۆكانی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێم و سه‌ردان و گفتوگۆی به‌ڕێزیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌ڕێزیان گوتی "هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندیی خۆی به‌ ده‌ستووری عیراقه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ئه‌ركمان له‌سه‌ره‌ و مافیشمان هه‌یه‌، به‌پێی ده‌ستووری عیراق ئاماده‌ین ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه‌ به‌ پچڕ پچڕی ده‌یبینین له‌ داواكانی به‌غدا وه‌ك سنووره‌كانمان بده‌رێ و نه‌وتمان ڕاده‌ست بكه‌ و دواتر گفتوگۆ ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌یان مه‌عقوول نییه‌، خۆ ده‌بێت دانیشتن بكه‌ین و ده‌ستوورێكمان هه‌یه‌ كه‌ ناوبژیوان بێت له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا تا بزانرێت ئه‌ركه‌كان و داواكاری و مافی ئێمه‌ چین و له‌ به‌رامبه‌ریشدا هی ئه‌وان چییه‌؟ ده‌بێت ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ماوه‌ی چوارده‌ ساڵه‌ ئه‌و ڕه‌وشه‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌كمان بیرمان له‌وه‌ بكردبایه‌وه‌ كه‌ ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌وشه‌كه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌مڕۆ. ئێستاش ده‌ڵێم گرنگترین شت بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئارامی له‌م وڵاته‌دا هه‌بێت و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت گفتوگۆیه‌كی جددی له‌ نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستپێبكرێت تا بگه‌ینه‌ لێكه‌یشتنێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستووره‌، تا ئێستا به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نایه‌ته‌ پێش".

دووپاتیشى كرده‌وه‌ "پێشتریش گوتوومانه‌ ڕێزی بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی ده‌گرین، به‌ڵام بڕیاری ئێستای دادگاكه‌ ده‌ڵێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و لێكه‌وتانه‌ی دوای گشتپرسی دروست بوون. من پرسیار ده‌كه‌م دوای گشتپرسی چی بووه‌؟ ئێمه‌ چیمان كردووه‌؟ ڕیفراندۆم كراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ هیچی دیكه‌مان نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی عیراق دوای گشتپرسی كردوویه‌تی چییه‌؟ په‌رله‌مانی عیراق كۆمه‌ڵێك بڕیاری ده‌ركردووه‌ دژی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عیراق له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆمه‌ڵێك بڕیاری دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه‌ و هه‌رچی بۆیان كراوه‌ ئه‌نجامیان داوه‌، بڕیاری دادگای فیدراڵی به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی دوای ڕیفراندۆم ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌ و ده‌بێت ئه‌و بڕیارانه‌ی به‌غدا كه‌ دوای ڕیفراندۆم ده‌كراون هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌ و با دادگا ئه‌وانه‌ هه‌ڵوه‌شنێنێته‌وه"‌.

هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه‌ ڕێزمان له‌ دادگای فیدراڵی گرتووه‌، به‌ڵام ئایا عیراق دوای ڕووداوه‌كان بۆ ئه‌مه‌ چی كردووه‌ و پرسیارێكه‌ ده‌بێت ئه‌وان له‌خۆیان بكه‌ن و وه‌ڵامیان هه‌بێت. بڕیاریان ده‌ركردووه‌ به‌ دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شداریی ڕیفراندۆمیان كردووه‌، پێش ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیار بدات كۆمه‌ڵێك ڕێكاری ناده‌ستووری له‌ په‌رله‌مانی عیراق  و حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌‌ ده‌رچووه‌، پێویسته‌ ئه‌مانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دیكه‌دا، به‌ڕێزیان گوتى: "ئێران وڵاتێكی گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌رێمی كوردستان پێشتر و ئێستاش خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت و كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی به‌رێز مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ توركیا، به‌ڕێزیان گوتی "ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مامۆستا سه‌ڵاحه‌د‌دین به‌هائه‌ددین ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو بووه‌ ئه‌نجامی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ و سه‌ردانه‌كه‌شی بۆ توركیا هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بینین و بێگومان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان".

ده‌رباره‌ى كه‌یسی تیرۆركردنى مامۆستایه‌كى ئایینى و ڕێكاره‌ یاساییه‌كانیش، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "سه‌باره‌ت به‌ كه‌یسی خوالێخۆشبوو كاك هۆشیار، من ورده‌كارییه‌كه‌ی نازانم به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت له‌م  وڵاته‌ و به‌پێی سه‌روه‌ریی یاسا ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت".

به‌ڕێزیان ده‌رباره‌ى لێدوانێكى وته‌بێژی حكوومه‌تی عیراق كه‌ لارییان نییه‌ له‌سه‌ر لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌رجێك حكوومه‌تی هه‌رێم دان به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ڕیفراندمدا بنێت، ئاشكرای كرد "ئه‌مه‌م نه‌بیستووه‌ و پێشتر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتوومانه‌ ڕێزی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ده‌گرین و ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه‌ كه‌ دوای ڕیفراندۆم دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریانكردوون".

ده‌رباره‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند "ئێستا ژماره‌ی ته‌واوی قه‌رزه‌كانم لانییه‌ باسیان بكه‌م و زیاتر قه‌رزداری ئه‌و كۆمپانیایه‌ین كه‌ پێشتر نه‌وتمان پێیان فرۆشتووه‌ و پێشه‌كی پاره‌كه‌مان وه‌رگرتووه‌ و داومانه‌ته‌ مووچه‌ و لیستی قه‌رزه‌كانمان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌كانی IMF له‌ ئوردن ناردووه‌ به‌ ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دیكه‌سدا ده‌رباره‌ى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم به‌ڕێزیان ڕوونیكرده‌وه‌ "ڕیفراندۆم بڕیاری یه‌ك هێزی سیاسی، یان تاكه‌ كه‌سێك نه‌بووه‌، به‌ڵكو بڕیارێك بووه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ زۆرینه‌ ده‌نگیان بۆی داوه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شداریی بڕیاره‌كه‌ش نه‌بوون، له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا به‌ شانازییه‌وه‌ گوتیان به‌ به‌ڵی ده‌نگمان دا. زیاتر له‌ سێ ملیۆن كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییان له‌ ڕیفراندۆمدا كرد كه‌ ته‌نیا بۆ ده‌ربڕینی خواستێك بووه‌. پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش به‌ ڕۆژێك خۆم گوتم ده‌بێت كێشه‌كان به‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن و گه‌ر به‌ بیریشتان بێت ئه‌و پرسیاره‌یان له‌ من كرد ئه‌و ئاڵایه‌ی عیراق تا كه‌ی لێره‌ ده‌مێنێت؟ گوتم ئه‌م ئاڵایه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌یه‌ و سبه‌ی لێره‌ ده‌بێت و دواڕۆژیش لێره‌ ده‌بێت و ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ دیالۆگ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر كورد له‌ خورماتوو و شوێنه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجام دران، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "ئێمه‌ ئێستا دیكۆمێنت بۆ ئه‌و تاوانانه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ خورماتوو و شوێنه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجام دراون، هیوادارین به‌غداش یارمه‌تیده‌رمان بێت تا بتوانین قه‌ره‌بووی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ینه‌وه‌. بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی زه‌ویش به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا گوتى "له‌ هه‌موو شوێنه‌كان زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیداندا دابه‌ش ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر له‌ دهۆك زووتر ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ دابه‌ش ناكرێت، به‌ڵكو له‌ هه‌موو شوێنه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت".

ده‌رباره‌ی ده‌نگۆى چوونی شاندێك له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی له‌گه‌ڵ به‌رێز حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ داوایان لێ كردبێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دات و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێز ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێزیان گوتی "سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی شاندێكی هه‌رێم له‌گه‌ل به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی شتی وام نه‌بیستووه‌. به‌ڕێز ئاشتی هه‌ورامی به‌ ئیشوكاری حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و ڕاینه‌كردووه‌ و بزریش نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ كاری حكوومه‌ته‌، چونكه‌ وه‌زیرێكی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌ و پێویست ناكات ئیمزا كۆبكرێته‌وه‌ و ئه‌و به‌ ئیشوكاری حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و ئه‌ركه‌كانی خۆی ڕاده‌په‌ڕێنێ. هه‌ر كاتێك كاره‌كانی ته‌واو بوو زۆر ئاسایی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و پێویست ناكات ئیمزا كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌ ئینته‌رپۆل بڵێن ده‌ستگیری بكه‌ن".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.