جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكی سینا دهكات و كۆنسوڵی میسریش سوپاسی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كرد بەرامبەر ئەم هەڵوێستە.
بە مەبەستی پێشكەشكردنی پرسە و سەرۆخۆشی بۆ گەل و حكومەتی وڵاتی میسر، كە لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستی لە "سینا" سەدان كەس بوونەتە قوربانی، ئەمرۆ 26/11/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و خاتوو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، سەردانی كۆنسوڵخانەی میسر لە هەولێریان كرد و لە لایەن كۆنسوڵی میسر و ستافی كۆنسوڵخانە پێشوازیی كران.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە رێگەی كۆنسوڵخانەی میسر سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكی سینا و سەرۆك و گەلی ئەو وڵاتە بەگشتیی كردو هیوای چاكبوونەوەی بە پەلە بۆ بریندارەكان خواست و پشتگیری گەلی كوردستان بۆ گەلی میسر دەربڕی لە شەری دژی تیرۆردا.
لە لایەن خۆشیەوە كۆنسوڵی میسر سوپاسی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كرد بەرامبەر ئەم هەڵوێستە و تەئكیدیشی لەسەر گرنگی و پێویستی هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی كرد.
لە لایەكی ترەوە تیشك خرایە سەر رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەكانی چارەسەركردنیان، هەروەها جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا كرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.