Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 17:29

مەسرور بارزانی ماڵئاوایی لە کونسوڵی ئەڵمانیا دەکات

100%

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ی تەممووزی 2026)، پێشوازی لە ئالبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە هەرێم.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هەوڵەکانی فۆن ڤیتکەی کرد لە ماوەی کارکردنیدا بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان بەرلین و هەولێر. مەسرور بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی ئەڵمانیا خواست لە کار و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانیدا لە داهاتوودا.

تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جیاوازەکاندا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی هەرێم دەبینرێت و دەورێکی باڵا دەبینێت لە مەشقپێکردن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتە کاریگەرانەی ئەوروپا کە بەردەوام جەختی لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و لە ڕێگەی ئاژانسەکانی گەشەپێدان و ڕاوێژکارە سەربازییەکانییەوە، هاوبەشێکی کارای پڕۆژە نیشتمانییەکانی هەرێم بووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.