Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 20:23

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنەکەى سبه‌ى ئەنجومەنی نوێنەران بەشداردەبن

سبه‌ى دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە
کوردستان TV
100%

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیاری كرد، دەبێ وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین، جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەندە دەستووریانە بكەینەوە، كە پێوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چونكه‌ سبه‌ى دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە و ئێمە چ وەكو فراكسیۆنی پارتی، چ وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنەكەدا بەشدار دەبین.

ئەشواق جاف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بەیانی، دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران كۆ دەبێتەوە، ئێمە چ وەكو فراكسیۆنی پارتی و چ وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنەكەدا بەشدار دەبین، وەكو فراكسیۆنی پارتی دەمانەوێت یەكەم هەنگاو لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان دابنیشین، گفتوگۆیەكی ورد لەسەر ڕەشنووسی بوودجەی 2018 بكەین، ئەو تێبینیانەی كە هەمانە، هەر فراكسیۆنێك تێبینیی خۆی بدات، هەموو ئەو تێبینیانە كۆ دەكەینەوە، بە وەرەقەیەك وەكو كوتلە كوردستانییەكان پێشكەش بە پەرلەمانی دەكەین، هەرچەندە ئەو ڕەشنووسە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، جارێكی دیكە دەستكاری دەكرێت، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی نوسخەی كۆتایی دەكەین، كە تا ئێستا دیار نییە چ گۆڕانكارییەك بەسەر بوودجەی كوردستاندا دێت."

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی زیاتر دەڵێ: "ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر گفتوگۆ بە پێی دەستوور لەگەڵ بەغدا دەكەین، چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە بەغدا ئامادەییی خۆی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆ، دەمانەوێت هەموو مەلەفەكان بەپێی دەستوور جێبەجێ بكرێن، كەواتە ناكرێ بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ دەستوور بكەی، كە لە بەرژەوەندیی تۆدایە، هەرواش جێبەجێی بكەیت و ئەوەی دیكە پشتگوێ بخەی، دەبێت لەسەر ئەرزی واقع هەموو ماددەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێن، پێشم وایە چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بەندە بە دەستوورەوە، بۆیە ئەگەر هەموو ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ كران، هەموو كێشەكانی عێراق چارە دەبن."

ئه‌شواق جاف وتیشی" لە هەموو قۆناغەكاندا جەختمان لەوە كردووەتەوە كە دەبێ ئێمە وەكو كورد، چ لە هەرێمی كوردستان، چ وەكو فراكسیۆنە كوردستاییەكان لە بەغدا یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین، چونكە ئەگەر یەكڕیز و یەكهەڵوێست نەبین، لاواز دەبین، كە لاوازیش بووین، لایەنەكانی دیكە ئەو هەڵەیە دەقۆزنەوە، لەو كاتەدا ناتوانین داوای مافی خۆمان بكەین، بۆیە دەبێ ئێمە هەموومان بە یەكدەنگ هەڵوێستی خۆمان دەرببڕین و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەندە دەستووریانە بكەینەوە، كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.