یان كۆبیش، نێردهى نهتهوه یهكگرتووهكان بۆ عێراق (یۆنامى)، لهدهستپێكدا وتهكانیدا لهبهردهم ئهنجومهنى ئاسایشی نێودهوڵهتى، لهبارهى جهنگى دژ به داعش، پیرۆزبایی له حكومهتى عێراق و خهڵكى عێراق كرد و ڕای گهیاند: بهتواناى هێزهكانى پێشمهرگه و هێزه عێراقییهكان توانرا ئهو سهركهوتنه تۆمار بكرێت.
ئاماژهى بهوهشدا، كه لهو جهنگهدا قوربانییهكى زۆر دراوه، بهتایبهت له كوردستان كه خۆبهخشێكى زۆر شههید بوون، ههروهها هاوكارییهكى زۆر به ئاوارهكان پێشكهش كراوه.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، (یان کۆبیش) لە ڕاپۆرتیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، دەبێ گەمارۆی سەر فڕۆكهخانهكانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن و داوایشی لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، ڕۆڵیان هەبێت لە دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەمڕۆ كاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی کوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئیتاڵیا دەستی بە کۆبوونەوەی پێوەست بە عێراق کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کارنامەکەی ڕاگەیاند، کە بریتییە لە تاووتوکردنی پرسی پێوەندار بە عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، (یان کۆبیش) زانیاریی لەسەر دۆخی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا خستە ڕوو.
لە دەستپێکی قسەکانیدا کورتەیەکی دەربارەی شکستی داعش لە عێراق خوێندەوە، کە هێزە عێراقییەکان شانبەشانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعشدا بەدەست هێناوە.
باسی لەو قوربانیانەش کرد، کە خەڵک بە هۆی داعشەوە لە عێراق ئاوارە بوون و بە هەزارانیش لە مووسڵ لە لایەن داعشەوە دەستگیر کرابوون و ئەوانەیشی لە عێراق ئاوارە بوون، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لەبارەی شکستی داعشەوە گوتی: داعش تێکشکاوە، بەڵام بە تەواوەتی لە عێراقدا لەناو نەچووە و بۆ شکستی داعش پێویستمان بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمایەتیش هەیە، بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بێ.
یان کۆبیش ڕۆشنایی خستە سەر دۆخی سیاسیی عێراق و باسی لەو کێشانە کرد، کە لە ناوچەکەدا هەن، بۆ چارەی کێشەکانیش بە پێویستی زانی کە هەولێر و بەغدا ڕۆڵیان هەبێت، باسیشی لەوە کرد، لە هەندێ شوێندا کە بەغدا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک لە ناوچە جێناکۆکەکاندا کرد، پێشمەرگە کشانەوە، ئێستا تەنیا ناوچەی پیشخابوور ماوە، کە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە.
باسی ئەو قوربانیانەیشی کرد، کە لە خورماتوو هەیە و گوتی کە (یۆنامی) ڕاپۆرتێکی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێ گەیشتووە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین ئەوانەی تاوانیان ئەنجام داوە، دادگایی بکرێن. هەروەها داوایشی کرد، هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ کێشەکانیان چارە بکەن. داوای کرد، گەمارۆکانی سەر فڕگەکانی هەرێمی کوردستان هەڵگیرێن و (یۆنامی)یش ڕۆڵی دەبێت لە ڕێککەوانی هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان.
(یان کۆبیش) داوایشی کرد، هەموو حزبەکانی هەرێمی کوردسان پشتگیری لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) و (قوباد تاڵەبانی) بکەن.
کورتەیەکیشی لەبارەی هەڵبژاردنی دابێی عێراق باس کرد، کە پێویستە دەستەیەکی سەرپەرشتیار بۆ ئەو هەڵبژاردنە دروست ببێت و کێشەکان چارە بکرێن، چونکە مەترسیی پەراوێزخستنی سوننە هەیە بۆ ئەوەی ئەوانیش ئازادانە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.
ئاماژەیشی دا، دەبێ چارەیەکیش بۆ دۆخی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا لە هەڵبژاردنی دابێدا بێبەش دەبن، بەتایبەت سوننەکان، بۆیە دەبێ دۆخەکە چارە بکرێ. پێویستە بڕە پارەیەک بۆ کریستیان و ئێزدییەکان دابین بکرێت، تا بگەڕینەوە شوێنی خۆیان.
نوێنەری ئەمەریکایش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای چەسپاندنی ئاشتی لە عێراق کرد و پێشوازیی خۆیشی بۆ هەڵسەنگاندنەکانی (یۆنامی) لە عێراق دەربڕی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.