ئهمرۆ دووشەممە 20-11-2017 بەسەرپەرشتی کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە ، كۆبوونهوهى دهورى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەڕێوەچوو.
وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت رایگەیاند "شەڕو رووبەڕووبوونەوەی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، چەکدارانی داعش هێشتا لەچەند ناوچەیەک ماون و هەست بە جموجۆڵیان دەکرێت، بۆیە داواکارین هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام بن".
کەریم شنگالی وتیشى" تاوەکو ئێستا گفتوگۆی سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە و هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام ئێستا شەڕ وەستاوە و جموجۆڵە سەربازییەکانیش بەرەو کەمبوونەوە چووە".
لەو کۆبوونەوە دەورییەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش راپۆرتی دوایین گۆڕانکارییە سەربازییە زەمینی و ئاسمانییەکانی خستووەتەڕوو. لەلایەن دەستەی مەشق و راهێنانی سەربازییەوە جەخت لەسەر گرنگی مەشق و خولەکان کرایەوە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.