Erbil 9°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 19:50

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی حکوومه‌ت ده‌ربه‌ندیخان به‌سه‌رده‌که‌نه‌وه‌

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆمان بكرێ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین
کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: بودجە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی یەکە ئیدارییەکان و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە تەرخان دەکەن، پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمیش ئاراستەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی ناوه‌ندی ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه‌ له‌ودیوی سنوور بووه‌ له‌ ناوچه‌ی كرماشان و سه‌رپێڵى زه‌هاو و ئه‌و شوێنانه‌، هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌وێش زۆر به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سڤیل شه‌هید و بریندار بوون.‌

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14/11/2017 به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ یاوه‌ریی شاندێكی پێكهاتوو له‌ به‌ڕێزان وه‌زیرانی ناوخۆ، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و به‌رپرسانی په‌یوه‌ندارى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونی ڕه‌وشی قه‌زاكه‌ دوای بوومه‌له‌رزه‌ی شه‌وی 12/13-11-2017  كه‌ زۆرترین زیانی گیانی و ماددی به‌ركه‌وتووه‌‌، به‌تایبه‌تیش بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌وتوون‌، سه‌ردانی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانیان كرد.


له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شوێنه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونی ڕه‌وشی هاووڵاتیان و هه‌ڵسه‌نگادنی زیانه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، له‌ باڵه‌خانه‌ی قایمقامیه‌تی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان دوو كۆبوونه‌وه‌ سازكران كه‌ یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان پارێزگاری سلێمانی، قایمقامی ده‌ربه‌ندیخان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و دووه‌میشیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌رپه‌رشتی ئیداره‌ی گه‌رمیان و ده‌زگا كارگێڕییه‌كانی بوو.

له‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوای گفتوگۆكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه له‌ ناوچه‌كه‌، بڕیار درا كه‌ بودجه‌یه‌كی به‌په‌له‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ دابین بكرێت و زیانه‌كان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ و به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ سێكته‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، ئاو و كاره‌با، هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕێنمایی دایه‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناوچه‌كه‌ هه‌رچی زووه‌ خه‌ملاندنی زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌ دیاری بكه‌ن.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان و ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی كرد و گوتی "ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و به‌ڕێزان ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكوومه‌ت هاتووین بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌كانی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ی كه‌ ڕوویداوه‌،. به‌داخه‌وه‌ ڕووداوه‌كه‌ زیانی زۆری داوه‌ له‌ سنووری ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ڵه‌بجه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و‌ هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشی گرتۆته‌وه‌‌. ده‌مه‌وێ لێره‌ جارێكی دیكه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆمان ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانیان بكه‌ین و هیوای چاكبوونه‌وه‌ و سه‌لامه‌تی بۆ برینداران ده‌خوازین".

ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا هه‌ڵسه‌نداندنمان بۆ دۆخه‌كه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین قه‌باره‌ی زیانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ چه‌ند و چۆنه‌. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی و سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی هه‌موو ده‌زگا حكوومییه‌كان بكه‌م له‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ چركه‌ساتی دروستبوونی ڕووداوه‌كه‌وه‌ زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌موویان له‌سه‌ر خه‌ت بوون و كاریان كردووه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندا بێت بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌نجامیان داوه‌. لێره‌وه‌ زۆر زۆر سوپاسیان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م، به ‌ڕاستی هه‌ر هه‌موویان بێ جیاوازی جێگه‌ی شانازین، له‌وانه‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی گه‌رمیان و ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی، جێگه‌ی ڕێز و سوپاسن بۆ ئه‌و كارانه‌ی ئه‌نجامیان داون‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌ندنه‌كانیشیان بۆ دۆخه‌كه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆماندا گه‌یشتن به‌وه‌ی كه‌ به‌ دوو شێوه‌ كار ده‌كه‌ین. یه‌كه‌میان،‌ بودجه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه‌ به‌ر ده‌ستی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی ئه‌م سنووره‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ ئه‌و كێشانه‌ی دروست ده‌بن چاره‌سه‌ریان بكه‌ن. دووه‌میشان،‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانمان ڕاسپاردووه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن به‌تایبه‌تی زیانی هاووڵاتیان ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌وه‌‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆمان بكرێ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین".

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌رده‌وامیی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی "ناوه‌ندی ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه‌ له‌ودیوی سنوور بووه‌ له‌ ناوچه‌ی كرماشان و سه‌رپێڵى زه‌هاو و ئه‌و شوێنانه‌، هه‌روه‌ك ئاگادارن له‌وێش زۆر به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سڤیل شه‌هید و بریندار بوون.‌ ده‌مه‌وێ به‌ ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی هه‌موو ئه‌و قوربانیانه‌ بكه‌م و هیوای چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم له‌ ئێران و كرماشان و سه‌رپێڵى زه‌هاو و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌. وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شی خه‌میانین و هیوادارم ئه‌مه‌ دوا كاره‌سات بێت بۆ ئه‌م سنووره‌ و سنووری ئه‌ودیوی هه‌رێمی كوردستان".

سه‌باره‌ت به‌و زیانانه‌ی به‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌دیخان كه‌وتوون و چۆنیه‌تیی چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی لێقه‌وماو، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگ بوو بزانین بارودۆخی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌كه‌ كاك ڕه‌حمان به‌ وردی قسه‌مان كرد و دڵنیای كردینه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان زیانی به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام مه‌ترسی داڕمانی لێناكرێت. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌موو لایه‌نه‌كان خه‌ریكین، دوێنێ له‌گه‌ڵ كاك قوباد له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دانیشتمان ئه‌نجام داوه‌ و ئه‌وان په‌یمانی ئه‌وه‌یان به‌ ئێمه‌ داوه‌ كه‌ خه‌ڵكی شاره‌زا بنێرن تاكو هه‌ڵساندن بكه‌ن و یارمه‌تیمان بده‌ن و ئێستا له‌ ڕێگه‌ن دێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ بكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌مانه‌وێ هاووڵاتیان دڵنیا بكه‌ینه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نداندنی دۆخه‌كه‌مان كرد و زانیمان زیانه‌كان چۆنه‌، بێگومان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.