Erbil 3°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 08:30

حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان: ڕێز له‌و ڕاڤه‌کردنه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مادده‌ی یه‌که‌م له‌ ده‌ستوور ده‌گرین

پێویسته‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر
کوردستان TV
#7
100%

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا سه‌باره‌ت به‌ ڕاڤه‌كردنی دادگای باڵای فیدراڵ بۆ مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووری عێراق،ده‌ڵێ: ڕێز له‌و ڕاڤه‌كردنه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مادده‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوور ده‌گرین.

له‌ راگه‌ێندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌..

له‌سه‌ر داوای ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ له‌ ڕۆژی 5/11/2017، دادگای باڵای فیدراڵی له‌ ڕۆژی 6/11/2017 بڕیاری ژماره‌ 122ی ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ ڕاڤه‌كردنی مادده‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌ستووری عێراق كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: كۆماری عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیی سه‌ربه‌خۆیه‌، خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واوه‌ كه‌ سیسته‌می حوكمڕانی تیایدا كۆماریی په‌رله‌مانیی دیموكراتییه‌، ئه‌م ده‌ستووره‌ زامنی یه‌كێتیی عێراقه‌.

وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ پابه‌ندی گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی ده‌ستووری و یاسایییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆییه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان و هه‌رێم، له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ڵوێستی ڕوونمانه‌وه‌ به‌ پێشوازیكردن له‌ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌م ئاراسته‌یه‌، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی ئایه‌توڵلا عوزما سه‌ید سیستانی و هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ عێراقییه‌كان و وڵاتانی دۆستی گه‌لی عێراق به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستووری عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان، ڕێز له‌و ڕاڤه‌كردنه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مادده‌ی یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوور ده‌گرین، له‌ هه‌مان كاتیشدا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی هه‌موو مادده‌كانی ده‌ستووری عێراقه‌وه‌ به‌ جۆرێك ببێته‌ هۆی زامنكردنی پاراستنی ماف و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هاتوو له‌ ده‌ستووردا به‌و پێیه‌ی ئه‌مه‌ تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ زامنكردنی یه‌كێتیی عێراق وه‌ك له‌ مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستووردا هاتووه‌.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.