Erbil 6°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 10:09

فراکسیۆنەکانی کوردستان جەختیان لە یەکڕیزی و یەکگوتاریی نێوماڵی کورد کردەوە

جه‌عفه‌ر ئیمینكی‌: پێویسته‌ هه‌رێم و به‌غدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رمێزی گفتوگۆ
کوردستان TV
100%

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌، بە سەرۆكایەتیی (د. جەعفەر ئێمینكی)، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی (بێگەرد تاڵەبانی)، سكرتێری پەرلەمان، كۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان لەبارەی پێگە و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بەڕێوە چوو.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، (د. جەعفەر ئێمینكی)، جێگری سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان، جەختى لەسەر پێویستیی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ڕێگەی دانووستاندن كردەوە و ڕایگەیاند: ''پێویستە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی بگەڕێنەوە سەرمێزی گفتوگۆ و دانوستاندن، بەتایبەتی لەكاتی ئێستادا كە پرسی بوودجەی فیدڕاڵى، كە پەیوەندیی بە قووت و بژێویی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و، بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكان و مافە دەستوورییەكانیشمان پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران و فراكسیۆن و كوتلەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانیش هەماهەنگیی تەواو لە نێوان خۆیاندا دروست بكەن.''

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایشیگەیاند: ''وەك پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی و هاوكاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبین بە پێشكەشكردنی داتا و زانیاریی پێویست و كۆبوونەوەی ئەمڕۆش هەم بۆ نیشاندانی ئامادەییی پشتیوانیی پەرلەمانی كوردستانە بۆ ئەركی نوێنەرانی كورد لە بەغدا بۆ باشتركردن و خێراتركردنی پەیوەندییەكانی نوێنەرانی كورد، هەم لە بەغدا و هەم لە هەرێمیش، بەتایبەتی ئێستا كە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراقدا بەهەڵەدا براوە و پێویستە وەكو كورد پارێزگاری لە بنەما دیموكراسییەكان و جێبەجێكردنی فیعلیی دەستووری عێراق وەكو خۆی بكەین.''

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، (بێگەرد تاڵەبانی)، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان باسی لە هەستیاریی قۆناغەكە و بوونى مەترسی لەسەر دامەزراوە دەستوورییەكان كرد و ڕایگەیاند: ''پەیوەندییەكانی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی بە قۆناغێكی هەستیاردا دەگوزەرێت و دامەزراوە دەستوورییەكان لە ژێر هەڕەشەدان، بۆیە دەبێ بە یەكڕیزی و یەكگوتاریی نێوماڵی كوردەوە ڕووبەڕووی ئەو قەیران و گرفتانە ببینەوە و لەو بارەشدا ئەركی نوێنەرانی كورد لە بەغدا قورستر دەبێت و  پێویستە پشتیوان و هاوكاریان بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.''

دواتر نوێنەرانی بەشێك لە فراكسیۆنەكانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون، بەرچاوڕوونی و پێشنیاز و بۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ خستە ڕوو.

لە چوارچێوەی ڕوونكردنەوەكانیشاندا بۆ پەرلەمان، پێشنیازیان كرد، پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی ببینێت لە ئاساییكردنەوە و یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و داوا لە حكوومەتی هەرێمیش بكەن، لە كاتی ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستاندنەكاندا هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.

لە بەشێكی دیكەی ڕوونكردنەوەكانیاندا، نوێنەرانی كورد لە بەغدا ئەوەشیان خستە ڕوو، كە پرۆسەی تەوافوق لە عێراقدا پەكی کەوتووە و كار بە بنەمای زۆرینە دەكرێت، بەتایبەتی لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەمە جگە لە پێشێلكردنی دەستوور. ڕاشیان گەیاند، بەهێزیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا پەیوەستە بە حكوومەتێكی تەندروست و كارای هەرێم و هەبوونی دیموكراسییەتێكی بەهێز و پەرلەمانێكی كارا، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەكان تەنازولی گەورە بۆ یەكتری بكەن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كوردستاندا.
هەروەها داواشیان كرد، پەرلەمان داوا بكات دانووستاندنەكان لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە ئەنجام بدرێن، نەك نوێنەرانی حزبی.

پێشنیازیشیان كرد، دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ژێر چاودێریی سەرۆككۆماری عێراقدا وەكو پارێزەری دەستوور بەڕێوە بچێت. جەختیشیان لەسەر ئەوەكردەوە، كە بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕازی بین بە كەمكردنەوەی پشكی ١٧%ی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراقدا.

دوابەدوای كۆتاییهاتنی ڕوونكردنەوەكانی نوێنەرانی بەشێك لە فراكسیۆنەكانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكفراكسیۆن و كوتلەكانی پەرلەمانی كوردستان جەختیان لەسەر یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان كردەوە و پشتیوانی و پشتگیریی خۆشیان بۆ نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەربڕی، ڕاشیانگەیاند: ''یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنە كوردیییەكان لە بەغدا خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی كوردستان دەكات و پێویستیشە ناكۆكی و جیاوازییەكان وەلا بنرێن و نەبنە هۆی تێكدانی یەكڕیزی.''

دوای تەواوبوونی گفتوگۆی نێوان سەرۆكفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان لەبارەی پێگە و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و چۆنیەتیی گەیشتن بە ڕێچارە و گرتنەبەری ڕێكاری پێویست، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر چەند خاڵێك ڕێك كەوتن، كە پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد جەختییان لەسەر دانوستاندن كردەوە و تێیدا هاتووە:

پەرلەمانی كوردستان پشتگیری لە یەكڕیزی و یەكگوتاریی نێوماڵی كوردستان دەكات و پشتیوان و هاوكاری نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەبێـت. هەروەها، پەرلەمانی كوردستان حكوومەتی هەرێم ڕادەسپێرێت لە ڕێگەی دۆستە نێودەوڵەتییەكانەوە هەوڵی دەستپێكردنی گفتوگۆ و دانوستاندن بدات لەبارەی مافە دەستووری و فیدڕاڵیەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

لە بەشێكی دیكەدا هاتووە، پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان كراوە پێك بهێنێت و لەسەر حكوومەتی فیدڕاڵیش پێویستە كار بۆ گەڕاندنەوە و قەرەبووكردنەوەی ئاوارەكان بكات.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا هاتووە: پەرلەمانی كوردستان پشتگیریی تەواوی ئەو پەرلەمانتارە كوردانە دەكات كە ڕووبەڕووی دادگا كراونەتەوە و هیواخوازن دادگاكان ڕۆڵی بێلایەنانەی خۆیان بگێڕن.

لەكۆتا خاڵیشدا هاتووە: لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستاندن، ئەوا بژاردەی كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، بژاردەیەكی كراوە دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.