Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 22:45

ئەمساڵ تونێلی پیرمام دەکرێتەوە

درێژییەکەی ٢ کیلۆمەترە
کوردستان TV
100%

تونێلی پیرمام (سەڵاحەددین) کە بە یەکێک لە تونێلە گرنگەکان ئەژمار دەکرێت، ئەمساڵ دەکرێتەوە، بەرپرسێکیش ئاشکرای دەکات کە تونێلەکە نیو سەعات رێگای ھاتووچۆکەرانی رێگەی ھاملتن کورت دەکاتەوە.

ئەندازیار زانا مستەفا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە (باس)ی ڕاگەیاند، ماوەی رابردوو تونێلی پیرمام کاری تێیدا وەستابوو، بەڵام ئێستا  ئەو پڕۆژەیە کارێکی باشی تێدا دەکرێت، گوتی: ”نێو تونێلەکە قیڕتاو کراوە و دەستیشی پێ کردووە قیڕتاوەکە ببەسترێتەوە بە پڕۆژەی رێگای کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل“.

ھەروەھا گوتیشی: ”بەپێی ئەو کارانەی ئەنجام دراون، ناگاتە کۆتایی ئەمساڵ تونێلی پیرمام (مەسیف) تەواو دەبێت.
 
تونێلی شەقڵاوە- پیرمام (مەسیف) کە درێژییەکەی ٢ کیلۆمەترە و بە رێگاکەوە زیاتر لە ٨ کیلۆ مەترە، ١٤٧ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و سەڵاحەددین، شەقڵاوە بە دەڤەری ھەریر دەبەستێتەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونی کردەوە، تەواوبوونی تونێلەکە نیو سەعات رێگای ھاووڵاتییان کورت دەکاتەوە، گوتیشی: ”٢٠ بۆ ٣٠ خولەک رێگای ھاتوچۆی ھاووڵاتییان کورت دەکاتەوە و مەترسییەکانی رووداوی ھاتوچۆش کەم دەکاتەوە، وای لێ دێت دووریی شەقلاوە وەکوو دووریی گەڕەکێکی لە ھەولێرەوە لێ دێت“.

دەشڵێت: ”پڕۆژەکە لە ھەولێرەوە تا قەزای شەقڵاوە ھیچ کێشەیەکی نامێنێ، تەنیا قۆناخێکی کەمی دەمێنێ بگاتە رێگەی قەندیل ئەویش تەنیا دوو کیلۆمەترە، بە تەواوبوونی تونێلی پیرمام رێگەی ھاملتۆن دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە“.

ئەو رەتی کردەوە لە کاتی تەواوبوونی تونێلەکە رێگای نێو مەسیف دابخرێت، بەڵکوو دووپاتی کردەوە ھاتوچۆ ئاسایی دەبێت.

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.