Erbil 4°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 04:59

فراکسیۆنى پارتى بۆ عه‌بادى: پاراستنى گیانى هاووڵاتیانى ناوچه‌کانى دواى 16ى ئه‌کتۆبه‌ر له‌ ئه‌ستۆى ئێوه‌دایه‌

فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه‌
کوردستان TV
100%


فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كى له‌باره‌ى ڕووداوه‌كانى شه‌وى ڕابردوو و شه‌هیدكردنى ڕۆژنامه‌نووسێكى كورد له‌ داقووق و تاوانه‌كانى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان، بڵاو كرده‌وه‌.
 
فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌: "به‌ناوى فراكسیۆنى پارتییه‌وه‌، جارێكى تر دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت یاسا و ده‌ستوور ڕێڕه‌وى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو قه‌یران و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدڕاڵی، یان له‌سه‌ر ئاستى نێوخۆى هه‌رێم بگرێته‌به‌ر، داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، زمانى گفتوگۆ و له‌یه‌كتێگه‌یشتن تاكه‌ ڕێگا بێت بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر".
 
فراكسیۆنى پارتى له‌ باره‌ى ڕووداوه‌كانى شه‌وى ڕابردوو 29/ 10/ 2017  نیگه‌رانى خۆى ده‌خاته‌ڕوو: "له‌ئه‌نجامى لێدوانى نابه‌رپرسانه‌ى یه‌كێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى كوردستان ڕوویاندا". داواش له‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانى ئاسایش و سه‌قامگیریی كوردستان ده‌كه‌ن، ڕووبه‌ڕووى هه‌ر هه‌وڵێكى ئاژاوه‌نانه‌وه‌ ببنه‌وه‌ و بوار به‌كه‌س نه‌ده‌ن دۆخه‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌، هه‌روه‌ك داواش له‌ لایه‌ن و حزبه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ ئاست به‌رپرسیارێتیدا بن.

هاوكات ئیدانه‌ى شه‌هیدكردنى ڕۆژنامه‌نووس (ئه‌ركان شه‌ریف) وێنه‌گرى كه‌ناڵى ئاسمانى كوردستان تیڤی ده‌كه‌ن له‌ داقووق، كه‌ به‌ به‌رچاوى خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆیدا درایه‌ به‌ر چه‌قۆ. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، داواش له‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌كه‌ن، به‌ بڕیارى داخستنى كه‌ناڵه‌ كوردستانییه‌كاندا بچێته‌وه‌، كه‌: "ڕۆڵى گرنگیان له‌ ڕووماڵكردنى شه‌ڕى دژ به‌ داعشیان كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ باجى ده‌رخستنى ڕاستییه‌كانیان به‌ خوێن دا".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان و گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ به‌رپرسیارى پاراستنى گیانى هه‌موو ئه‌و هاوولاتیانه‌ ده‌زانن، كه‌ له‌ ناوچه‌كانى دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئه‌كتۆبه‌رن، جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ى هاووڵاتیان و ڕۆژنامه‌نووسانى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج، عاقیبه‌تى خراپی به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانى ئه‌نجامده‌ر ده‌بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.