بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 12 کورسیی تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە هەردوو خوێندنی بەیانیان و ئێواران ڕاگەیاند. ئارەزوومەندان دەتوانن لە ڕێگەی کێبڕکێی زانستییەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی خوێندن بدەن.
دکتۆر هاوکار یاسین، سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "بۆ ئەمساڵ، 12 کورسیمان بۆ ڕۆژنامەنووسان تەرخان کردووە. فێرخوازان دەتوانن دوای پڕکردنەوەی فۆرم، بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن و ئەو کەسانەی سەردەکەون، وەک قوتابی لە بەشەکەمان وەردەگیرێن."
مەرجەکانی وەرگرتن بۆ خوێندنی بەیانیان:
پێویستە داواکار سێ ساڵ ئەزموونی کارکردنی لە بواری میدیادا هەبێت.
دەبێت دەرچووی بەشە پیشەییەکان یان پۆلی 12ی ئامادەیی بێت.
کۆنمرەی دەرچوونی فێرخوازلە پیشەییەکان نابێت لە 60 کەمتر بێت.
کۆنمرەی دەرچوونی فێرخوازلە پۆلی 12 نابێت لە55 کەمتر بێت.
تەمەنی داواکار نابێت لە 45 ساڵ زیاتر بێت.
مەرجەکانی وەرگرتن بۆ خوێندنی ئێواران:
پێویستە داواکار سێ ساڵ ئەزموونی کارکردنی لە بواری میدیادا هەبێت.
دەبێت دەرچووی بەشە پیشەییەکان یان پۆلی 12ی ئامادەیی بێت.
کۆنمرەی دەرچوونی فێرخوازلە پیشەییەکان نابێت لە 60 کەمتر بێت.
کۆنمرەی دەرچوونی فێرخوازلە پۆلی 12 نابێت لە55 کەمتر بێت.
بۆ خوێندنی ئێواران، هیچ مەرجێکی تەمەن دیاری نەکراوە.
دکتۆر هاوکار یاسین جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و وتی: "هیوادارین ڕۆژنامەنووسان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن تاوەکو بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی لە بوارەکەی خۆیاندا بخوێنن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانیان لە داهاتوودا پیشەییتر و سەردەمیانەتر ئەنجام بدەن."
ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە کاتێکدایە کە ناوەندی میدیایی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆری بە کادری ئەکادیمی و شارەزا هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا، زانکۆکانی هەرێم هەوڵیان داوە لە ڕێگەی تەرخانکردنی کورسیی تایبەت بۆ کارمەندانی دامەزراوە جیاوازەکان، ئاستی زانستیی هێزی کار بەرز بکەنەوە و پەیوەندیی نێوان ناوەندەکانی خوێندن و بازاڕی کار بەهێزتر بکەن. پڕۆسەی وەرگرتن لەم کورسییانەدا بەپێی سیستەمی خاڵبەندی و ئەزموونی کارکردن دەبێت، کە شەفافییەت و دادپەروەری بۆ هەموو داواکاران مسۆگەر دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.