Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 08:59

زیاتر له‌ (35) ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیکای پیشه‌یی و هونه‌ری ئیدانه‌ی هێرشه‌کانی سه‌ر کوردستان ده‌که‌ن

خه‌ڵكی سڤیل و ماڵ و حاڵیان تاڵانكراوه‌
sandek- hwnarmandhn
کوردستان TV
100%

زیاتر له‌ (35) ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكای پیشه‌یی و هونه‌ری و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان خوێنده‌وه‌.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌

به‌ناوی خودای گه‌وره‌ و میهره‌بان

جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری كوردستان

ڕێكخراو و سه‌ندیكا هونه‌ری و پیشه‌ییه‌كان

له‌م سات و دۆخه‌ دژوار و ناهه‌مواره‌ی به‌سه‌ر كه‌ركووك به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌ گشتیدا هاتووه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئیدانه‌ی هه‌موو ئه‌و كرده‌وه‌ ناڕه‌وایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و ماڵ و حاڵیان تاڵانكراوه‌ و سووتێنراوه‌، هه‌روه‌ها ئیدانه‌ی ئه‌و كوشتار و ئه‌شكه‌نجه‌ و شه‌ڕی ده‌رووونییه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستان گیراوه‌ته‌ به‌ر. له‌ هه‌مان كاتدا و بۆ ڕاوه‌ستاندنی شه‌ڕ و كوشتار و كۆتاییهێنان به‌ ماڵوێرانییه‌كان، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكخراو و سه‌ندیكای هونه‌ری و پیشه‌یی داوای چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و داواكارین هه‌رچی زووه‌ هه‌ردوولا بكه‌ونه‌ گفتوگۆی جیدی و كۆتایی به‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بێنن، ئه‌ویش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و ئه‌و مافانه‌ی له‌ ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵدا ده‌سته‌به‌ر كراون.

جه‌ماوه‌ری خۆراگری كوردستان

ئازادیخواز و مافپه‌روه‌رانی جیهان

لای كه‌س شاراوه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا گه‌لی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شه‌ڕی گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی كرد كه‌ (داعش) بوو، وه‌ ئه‌و ئه‌فسانه‌ ترسناكه‌ كه‌ مه‌ترسیی بوو بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان، له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار و په‌ككه‌وته‌ و به‌ فرمێسك دایكه‌ جگه‌رسووتاوه‌كان و منداڵه‌ بێ باوك بووه‌كان هاته‌ دی، كوردستانیش بووه‌ په‌ناگه‌ی نزیكه‌ی ٢ ملیۆن ئاواره‌، كه‌چی ئه‌مڕۆ هه‌مان ئه‌و هێزه‌ كه‌ دونیای له‌ شه‌ڕی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ پاراست، وا ڕووبه‌ڕووی هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی ده‌بێته‌وه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن عێراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ باشترین شێوه‌ پاداشت بدرێته‌وه‌.

بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و شه‌ڕ و دوژمنكارییه‌ زۆر به‌ ناڕه‌وا ده‌زانین و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، داوامان له‌ هه‌موو رێكخراو و سه‌ندیكانی ناوخۆیی و عه‌ره‌بی و بیانی و كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، كه‌ هه‌وڵ و توانای خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و هه‌ڵوێستی روون و ده‌ستبه‌جێ بگرنه‌ به‌ر و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان و حكومه‌ته‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ بكه‌ونه‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆیانبكه‌نه‌وه‌ و بیانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجام و هاوڵاتیه‌ ده‌رپه‌ڕێنراوه‌كانیش بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بكرێته‌وه‌ كه‌ زیانیان به‌ر كه‌وتووه‌.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

 

 

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.