Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 21:06

داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکرێت بەهانای دانیشتووانی که‌رکووک بێن

ئێمە دووچاری سەرسوڕمان بووین بەرامبەر بە بێدەنگی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان
کوردستان TV
100%

دیندار زێباری، لەڕاپۆرتێکدا لەسەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئەو شارە وەڵامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بو كاروبارى مرۆیی لە بەغدا دەداتەوە.


لە كاتێكدا لە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شاری كەركوك، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی كورد ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كرد، كەچی خاتوو كاتی پۆند بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بو كاروبارى مرۆیی لە بەغدا رایگەیاندووە كە بارودۆخ ئارامە و ئەوهاووڵاتیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو دەستیان بە گەڕانەوە كردووە بۆ شارەكە.


لەم بارەوە د. دیندار زێباری سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: لە دوای رووداوەكانی شاری كەركوك ژمارەیەكی میلیلشیاكانی حەشدی پێشێلكاری زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی شارەكە ئەنجامدا بۆیە زۆر لە هاووڵاتیانی كوردی پارێزگای كەركوك ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وروویان لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری، بۆیە پێمان سەیرە كە بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا باس لەوە دەكات كە بارودۆخی شارەكە ئارامە و ئەو هاووڵاتیانەی كە شارەكەشیان جێهێشتووە دەستیان بە گەڕانەوە كردووە.


سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە كرد بە دەیان هەزار هاووڵاتی كوردی دانیشتووی كەركوك شارەكەیان جێهێشتووە و لەم بارەوە وتی: بە هۆی ئەو رووداوانەی لە شارەكە روویدا لە رۆژی سێشەممەی رێكەوتی 17/10/2017 بە دەیان هەزار هاووڵاتی روویان لە شاری هەولێر كرد و و بۆ رۆژی دواتریش هاتنی ئاوارەكان بەردەوام بوو و لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەپێی توانای خۆیان یارمەتی ئەو ئاوارانەی داوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هاتنی ئاوارەكانی بە بەرچاوی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە بوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك یارمەتییان نەداون و بێدەنگ بوون بەرامبەر بەو كارەساتە لە كاتێكدا ئەمە ئەركی ئەم رێكخراوانەیە، بەپێچەوانەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی رێكخراوی UN بو كاروبارى مرویى لە بەغدا باس لەوە دەكات كە ئەو كەسانەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە دەستیان كردووە بە گەرانەوە بۆ نێو شاری كەركوك.

زێباری ئەوەشی راگەیاند كە ئێمە دووچاری سەرسوڕمان بووین بەرامبەر بە بێدەنگی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و بێ هەڵوێستیان بەرامبەر بە رووداوەكانی كەركوك، بۆیە ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی بەرپرسی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغدا دەكەین و دووپاتی دەكەینەوە كە ئەوە تەواو پێچەوانەی دۆخی هاووڵاتییە كوردەكانی شاری كەركوكە كە رووبەرووی كارەسات و هەرەشەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆتەوە و نەگەیاندنی واقعی حاڵە بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زیاتر لێدوانێكی سیاسییە لە كاتێكدا كە ئەركی ئەم رێكخراوانە ئەوەیە كە لە نزیكەوە رووداوەكان ببینن، چونكە جگە لە ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی شاری كەركوك چەندین پێشێلكاری مافی مرۆڤ بەرامبەریان روویداوە.


دیندار زێباری لە درێژەی قسەكانی وتی: ئێمە لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە بەهانای دانیشتووانی شاری كەركوكەوە بێن و سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكان دابنێن لە هەمان كاتدا یارمەتی و هاوكاری پێویست راسستەوخۆ پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن، چونكە پێدەشێت ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان نەك تەنیا ئامادە نین یارمەتی ئاوارەكان بكەن و بە هانایانەوە بچن بە پێچەوانەوە راستییەكانیش چەواشە دەكەن و لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەشارنەوە، چونكە ئەو ئاوارانە پێویستیان بە هاوكاریی خێرا كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.