Erbil 15°C یەکشەممە 02 حوزەیران 19:23

کەمال کەرکووکی: هاوپەیمانان هۆشدارییان دایه‌ حەشدی شەعبی کە هیچ هەڵەیەک نەکەن

هاوپەیمانان هۆشدارییان دایه‌ حەشدی شەعبی
کوردستان TV
100%

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك ڕای دەگەیەنێت، حەشدی شەعبی بەنیازی هەڵەیەك بوو بیكات، بەڵام هاوپەیمانان هۆشدارییان پێ داون.

كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو حەشدی شەعبی چەكی قورسی بەرانبەر میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك دانابوو، هەروەها هێندێکیشیان بۆ ناو بەشیر ناردبوو، بۆیە لە میحوەری زەرگەش پێشمەرگە لە ئامادەباشی دابوو، پێش ئەوە ئێمە لە هەموو ئاستەكان پەیوەندیمان پێوە كرا و ئاگادار كراینەوە كە حەشدی شەعبی بەنیازی هەڵەیەكە بیكات، ئەگەر ئەو هەڵەیەیان بكردایە، ئەوا شەڕێكی گەورە ڕووی دەدا، چونكە پێشمەرگە ئامادە نییە خاكی خۆی بۆ ئەوان بەجێ بهێڵێت، بۆ هەر حاڵەتێكیش هێزی پێشمەرگە وەڵامی توندی بۆیان دەبێت".

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك ئەوەشی خستە ڕوو:" كە لە دوێنێوە فڕۆكەكانی هێزی هاوپەیمانان جموجۆڵیان بەهۆی هەڕەشەكانی حەشدەوە زیادیان كردووە، پێم وابێ هەر خۆیان هۆشدارییان داوەتە حەشدی شەعبی كە هیچ هەڵەیەك نەكەن، چونكە ئەوان نایانەوێـت هیچ كێشەیەك ڕوو بدات، بۆیە حەشدیش تا ئێستا بێدەنگە و نەیانتوانی هیچ بكەن.

كەمال كەركووكی، ڕوونیشی كردەوە: "عێراق دەیەوێت هەموو ناوچەكان بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان، بەڵام ئەوان تووشی شۆك بوون و پێویستە بێنەوە سەرخۆیان، تا ئەوكاتەش دینەوە سەر خۆیان ئێمە بە ئارامی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین، دەڵێت: "ئەگەر كێشەیان لەگەڵ ڕیفراندم هەیە، پێویستە بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەری بكەن و ڕێزیش لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن".

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ڕاشیگەیاند: "حەشدی شەعبی بەسەر پێشمەرگەدا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان خستە ئاسمان، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن پێشمەرگەوە وەلامیان درایەوە، ئیتر نەگەڕانەوە".

پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا پیلانی هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی ئاشكرا كرد كە بەنیاز بوون لە باكوور و ڕۆژئاوای كەركووك و مووسڵەوە بێنە ناو كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.