پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لەبارەی ڕووداوێکی تەمومژاوی دەستپێکردووە، دوای ئەوەی تەرمی پیاوێک لە ناو یاریگای زە ڤالی (The Valley) تایبەت بە یانەی چاڕڵتۆن ئەتلەتیکی ئینگلیزی دۆزرایەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەمنی ئاماژەیان بەوە کردووە، تەرمەکە لە ناو ڕێڕەوەکانی یاریگاکەدا دۆزراوەتەوە. دەستبەجێ تیمە تایبەتەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی کۆچکردووەکە و زانینی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکەی.
تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بە بارودۆخی گیانلەدەستدانی ئەو پیاوە بڵاونەکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بە هەموو وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بەردەوامن.
یاریگای زە ڤالی کە یاریگای فەرمیی یانەی چاڕڵتۆن ئەتلەتیکە، دەکەوێتە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی زۆری لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.