Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 12:58

سفین دزه‌یی بۆ بی بی سی تورک: دۆستی دوێنی نابێتە دوژمنی ئەمڕۆ...

لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ شاندە ئەمریکی و ئەوروپییەکان قسەمان کردووە
کوردستان TV
#4
100%

سەبارەت بە دیپلۆماسییەتی ئێران و تورکیا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئێمە ئەو هەنگاوە دیپلۆماسییانە ئاسایی دەبینین و لە سیاسەتی ئێران و تورکیا تێدەگەین. لەگەڵ ئەوەشدا وتی دۆستی دوێنی نابێتە دوژمنی ئەمڕۆ.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سایتی (بی.بی.سی. تورکی)، سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بە ئاسایی دانا و وتی، بەڵام ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانیی ئەوە ناکەین کە ناکۆکی و شەڕ لە نێوانماندا دروست ببێت. سەبارەت بە لێدوانێکی پێشتری سەرۆکی تورکیا لەسەر ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی وتی هەرچەند شەڕی داعش بەردەوامە، ئێمە سنوورەکانمان دەپارێزین، بەڵام بە هۆی بوونی ٣٥٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لەگەڵ تورکیا، ناکرێت هەر دە مەتر سەربازێک دابنرێت، بۆیە دەخوازین ئێمە و دراوسێکانمان ناچار نەبین شەڕی یەکتر بکەین.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە باکووری کوردستان وتی پرسی کورد لە تورکیا جیاوازە لە پرسی پەکەکە لەو وڵاتە. وتیشی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هاوکاری و هەماهەنگی زۆر هەیە بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، ئاسایش، ئابووری و سیاسی و ئێمە پێکەوە زۆر کارمان کردووە. لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری بی.بی.سی تورکی لەسەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، سەفین دزەیی وتی: لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ شاندە ئەمریکی و ئەوروپییەکان قسەمان کردووە و داوامان لێکردوون ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، و دەکرێت لەئێستادا لەسەر پرسی کۆنفیدڕاڵی گفتوگۆ بکەین، بەڵام ئەنجامی ڕیفراندۆم بڕیاری خەڵکی کوردستانە و دەرچوون لە بڕیاری خەڵک زەحمەتە.

هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی پرسی سەربەخۆیی، تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەو بارەیەوە سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە سێ مانگ بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەمریکا، یوئێن و وڵاتانی ئەوروپامان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام ئەو وڵاتانە بێدەنگ بوون تا یەک مانگ بەر لە ڕیفراندۆم و دواتر ڕایانگەیاند کە کاتەکەی نەگونجاوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەڵامی ئێمەیان نەدایەوە کە کەی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبار و گونجاوە. ئێمە پێشتر کارمان بۆ عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ کردبوو، بەڵام کوا عێراقی دیموکرات و فیدڕاڵ؟ وتیشی لە ٢٠٠٣ بە دواوە ئەمریکا ٤٦٠٠ سەربازی خۆی لە عێراق بزر کرد و بە سەدان ملیار دۆلاری خەرج کرد، ئەنجامی ئەو کارانە چی بوو؟ بۆیە دەبێ ئێمە بە شێوەیەکی واقعیانە بیر بکەینەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی کورد و ڕووسیا کرد کە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دەگەڕێتەوە، و وتی تائێستاش خەڵکێکی زۆری کورد لەو وڵاتە دەژین. سەبارەت بە کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسیش، سەفین دزەیی وتی کاری کۆمپانیای ڕۆسنەفت لە کوردستان بۆ ڕاکێشانی بۆری گاز کە ڕێککەوتنەکەی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ناوبراو واژۆ کرا، پەیامێکی بازرگانییە بۆ ڕەوانەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە، پێویستە ئەو پرسە بە سیاسی نەکرێت و وەک کارێکی بازرگانی سەیر بکرێت. دەربارەی هەڵوێستی مۆسکۆ لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستانیش، وتی ڕووسیا کورد و پرسی کورد باش دەزانێت و ئاگاداری هەستیاریی ئەو پرسەیە، بۆیە هەڵوێستێکی بێدەنگی نیشان داوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.