Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 05:12

مەسرور بارزانی: کاردانەوەکانی بەغدا لە دوای ریفراندۆم زیادەڕۆیی و نادەستوورییە

مەسرور بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری UN لە عێراق کۆبووەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/10/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ (یان کۆبیش) نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوویەوە و لەم دیدارەدا دوا رەوشی سیاسیی عێراق و کاردانەوەکانی دوای ریفراندۆمی کوردستان تاوتوێ کران.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، کاردانەوەکانی بەغدای لە دوای ریفراندۆم بە زیادەڕۆیی و نادەستووری پێناسە کرد، ئاماژەی بەو ئەوە دا، کە گەلی کوردستان ھەنگاوێکی دیموکراتیک و دەستووریی ناوە بۆ دەربڕینی ویستی خۆی، ریفراندۆم ھەنگاوێک بووە بۆ چارەسەریی ئەو کێشانەی بە تاقیکردنەوەی ھەموو رێکارەکانی دیکە چارەسەر نەکراوە.

ھەر لەبارەی ئەو رەوشەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە، کە ھەرێمی کوردستان پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم دەرگاکانی گفتوگۆی بە کراوەیی ھێشتۆتەوە و ھەرێمی کوردستان خوازیارە بە رێگەی ئاشتییانە بە ئاراستەی بە ئەنجام گەیاندنی ویستی گەلانی کوردستان ھەنگاو بنێت.

ھاوکات نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێت بەر لە ھەر ھەنگاوێک رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان بکرێت و بنەمایەکی ھاوبەش بۆ دانوستانێکی بنیاتنەر لە نێوان ھەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە و رێگری بکرێت لە دەستێوەردانی لایەنی دەرەکی لەم کێشانەدا و جەختی لە سەر رۆلی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە، کە نیازی ئەوەیان ھەیە ھەردوولا ھان بدەن دوور لە گرژی ھەرچی زووتر دەست بە دانووستان بکەنەوە.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.