Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 02:35

١٠ ھەنگاو بۆ ملکەچکردنی بەغداد لەلایەن کوردەوە

ئەگەر لایەنە سیاسیەكانی هەرێم یەكدەنگ بن، زۆر ئاسانتر دەتوانین بەغدا ملكەچ بكەین.
کوردستان TV
100%

مەلا یاسین وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فێیس بووک چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە خۆی وەکو کارتی فشار وەسفیان دەکات ، بە وتەی مەلا یاسین لە ئەگەری بە کارھێنانی ئەو کارتانەدا ھەریمی کوردستان دەتوانێت فشار بخاتە سەر بەغدا.
مەلا یاسین نووسیویەتی ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لە ھەڵوێستەکانی دەبێت کورد کارتەکانی لە رێگای پەرلەمانی کوردستانەوە بەکاربھێنێت، بەبڕوای مەلا یاسین کارتەکانی کورد بریتین لە:


يەكەم /سەرەتا ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی باڵای ئابووری، تا دۆخی ئابووری وڵات و بەرگەگرتنی وڵات تاوتوێ‌ بكەن و رێ و شوێنی شیاو بۆ گەمارۆ ئاسمانی و زەمینیەكان دابنێن، پێویستە لەم كۆبونەوەیەدا جگە لە نوێنەری ژووى بازرگانی، نوێنەری وەبەرهێنەران و هاوردەو ناردنكاران و دوو شارەزای بواری ئابووری ئامادەبن، تا ڕێگا چارەی زۆر لەبار و گونجاو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بریارەكانی حكومەتی بەغدا بەیان بكەن.


دووەم/ دەسەڵاتی ڕەها بدرێتە دەست بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ گرتنەوەی ئاوی دەریاچەكان و ڕاگرتنی هەموو ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەكرێن.


سێیەم/ ئەو بڕە كارەباییەی هەرێم دەیدات بە پارێزگای موسڵ ڕابگیرێت.
چوارەم/ ڕێگە نەدان و وەستاندنی چالاكیەكانی هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان. 


پێنجەم/ فەرامۆشكردنی دۆخی ئەمنی ئەو خاڵە سنوریانەی نێوان عێراق و هەرێم ، تا ئێستاش خاڵی سنوری مونزریەی نزیك خانەقین و سۆمریەی نزیك مەندەلی، بە هۆی هێزی پێشمەرگەوە ئاسایشی پارێزراوە.


شەشەم/ دانانی باجی گومرگی زیاتر لە سنوری ئیبراهیم خەلیل لەسەر هاوردەی شتومەكی توركی كە بۆ شارەكانی تری عێراق ڕەوانە دەكرێت.
حەوتەم/ وازهێنان لە پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی كوردستان، لەكاتی بەكارهێنانی لە لایەن هێڵی گواستنەوەی عیراقی. 


هەشتەم/ داگرتن و لابردنی ئاڵای عێراق لەسەرتاسەری كوردستان و ناوچە جێناكۆكی لەسەرەكان، بەمەش هەنگاوێكی سەرەتایی دەنێین بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.


نۆیەم/ بانگهێشتكردنەوەی سەرجەم نوێنەرە كوردەكان لەبەغدا.


دەیەم/ ئەگەر حكومەتی توركیا، پێشوازی لە بڕیارەكانی عیراق بكات دژی كوردستان، پێویستە دەست بەجێ‌ چالاكی كۆمپانیا توركیيەكان كۆتایی پێ بهێنرێت لە وڵاتدا.

 

مەلا یاسین لە کۆتاییدا نوسیویەتی: ئەگەر لایەنە سیاسیەكانی هەرێم یەك دەنگ بن، زۆر ئاسانتر دەتوانین بەغدا ملكەچ بكەین ، زۆری جوڵە ئابووریەكانی عیراق لە بن دەستی كوردایە و دەشێت بیریان لێ‌ بكرێتەوە، چەندین خاڵی دیكە هەن كە دەشێت دەستیان بۆ ببردرێت وەك دروست كردنی بەربەست لەبەردەم رێگەكانی هاتوچۆی ئابووری بەغداد – موسڵ، بەغداد – دیالە، كەركوك – بەغدا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.