Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 01:09

ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دەبێت بەغدا دۆسیەی هێرشەکانی سەر هەرێم بباتە ئەنجوومەنی ئاسایش

100%

فەرمانگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بەو هێرشە درۆنییانە دەربڕی کە ئەمڕۆ کرانە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەت و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لە هەولێر.
فەرمانگەکە جەختی کردەوە کە بەردەوامیی ئەم بۆردومانانە هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی هاوڵاتیان، سەقامگیریی دامەزراوەکان و پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری ساڵی 2005 خاوەنی پێگەیەکی یاساییە، بۆیە پێویستە ڕێز لە سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق بگرێت.

فەرمانگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هێرشانە کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئابووری و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان هەیە، و داوای کرد کە هەڵسەنگاندنی ئەم دەستدرێژییانە لەسەر بنەمای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بکرێت.

فەرمانگەکە بە فەرمی داوای لە حكوومەتی فیدراڵی کرد، کە نامەیەکی ناڕەزایەتیی فەرمی لەبارەی ئەم هێرشانە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.

هەروەها داواکراوە کە دۆسیەکە ببرێتە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ، تاوەکو لێکەوتەکانی ئەم بۆردومانانە لەسەر مافی ژیان و سەلامەتیی جەستەیی هاوڵاتیان تاووتوێ بکرێن. فەرمانگەکە دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندی ئاشتی بووە و ڕێگەی نەداوە خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەک، بۆیە داوای "جووڵەی نێودەوڵەتی" دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.