Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 00:23

دیندار زێباری: پێویستە هیومان رایتس وۆچ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بڕیارەکانی به‌غدا

پێویستە هیومان رایتس وۆچ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستیان هەبێت
کوردستان TV
100%

دیندار زێباری سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند پێویستە هیومان رایتس وۆچ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق کە بریتیین لە گەمارۆدان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەماهەنگی نێوان رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) و کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری رەوشی ئاوارە و راگوێزراوان، شاندێکی رێکخراوەكە، کە پێکهاتبوون لە بەلقیس وەلی بەڕێوەبەری کاروباری رێکخراوەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و سارا لی ویتسن بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ سەردانی نووسینگەی سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانى کرد و لەلایەن سەرۆکی لێژنەوە پێشوازی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ د. دیندار زێباری سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی و دەستخۆشیان لە لیژنەی باڵا کرد بەرامبەر بەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا ئەنجامیان داوە.

بەلقیس وەلی رایگەیاند دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هاوکاری رێکخراوەکەمان بەتایبەتی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وەک دامەزراوەیەکی تایبەت لەو بوارە و کاری کۆمیتە لە رێگای تۆڕی پەیوەندییەکانەوە و میکانیزمی کارەکانی مایەی رێز و ستایشە، چونکە هەر پرسیار و بەدواداچوونێکمان هەبێت لە کاتی دیاریکراو و زووتریش وەڵام و روونکردنەوەی پێویستمان پێدەگات ئەمەش لە وڵاتانی دیکە ئەگەر ئەستەمیش نەبێت ئەوا زۆر زەحمەتە، هەر بۆیە ئێمە لە بەیاننامە و راپۆرتەکانی خۆماندا بەردەوام ئاماژە به کۆمیتە و وەڵامەکان دەکەین، ئەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی باشە و کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەر ناوبانگی حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە بواری رەوشەکانی مافی مرۆڤ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ گوتی ئەو کارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە لە رێگای کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان نیشانەی هەستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکان لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان بۆ بەداواچوونی رەوشی خەڵکی ئەم ناوچانە لە پێکهاتە جیاوازەکان.

هەروەها کارەکانی تاسک فۆرسی هاوبەشی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) کە تایبەتە بە دەستگیرکراوانی شەڕی داعش ئەمەش کارێکی ئەرێنییە، چونکە ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە کە وەڵامدانەوەی حکومەتی هەرێم بۆ نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وەڵامدانەوەی بەغدا بەراورد ناکرێت و حکومەتی هەرێم زیاتر پابەندە لەم رووەوە و داتا و زانیارییە پێویستەکان لە کاتی خۆیدا پێشکەش دەکات ئەمەش جێگای دەستخۆشی و نیشانەی پابەندییە بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان.


كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.