Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 00:45

نووسەرێکی عەرەب: کورد دەوڵەتێکی باشتر لە عێراق دروست دەکەن

نووسەرێكی عەرەب: پرسی كورد عەقڵی عەرەب شەرمەزار دەكات
کوردستان TV
100%


 

نووسەرێكی ناوداری عەرەب لە وتارێكیدا بەناونیشانی (پرسی كورد عەقڵی عەرەب شەرمەزار دەكات)، كە بۆ رۆژنامەی (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)ی لەندەنی نووسیوە، دەڵێ چەوساندنەوەی كورد هەر یەك شتە، جا لەلایەن سەدامەوە بووبێت یان لەلایەن حكوومەتی شیعەی عێراق.

مەئمون ئەفەندی كە نووسەرێكی میسری ئەمەریكیە، مامۆستای زانستی سیاسییە لە زانكۆی جۆرج تاونی ئەمەریكی، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی كەنداوە لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی لە لەندەن.

ناوبراو وتارێكی رەخنەئامێزی بەرانبەر رای گشتیی عەرەبی نووسیوە بەرانبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و دەڵێ" ئەم جارە عەرەب تووشی دۆخێكی شەرمەزاركەر بوون.

ئەفەندی نووسیویەتی" رای گشتیی عەرەبی، بەردەوام بەبێ ئەوەی بیر بكاتەوە، بە ئاسانی هەڵوێستی خۆی لەوە وەرگرتووە داخوا ئیسرائیل لەگەڵ كێیە، بۆ ئەوەی دژی بێت. هەروەها داخۆ ئێران دژی كێیە، بۆ ئەوەی لەگەڵی بێت. بەڵام ئەمجارە لە پرسی سەربەخۆیی كوردستاندا ئەو هاوكێشەیەی عەرەب تووشی كێشە بووە، ئەویش بەهۆی هەڵوێستی جیاوازی ئێران و ئیسرائیل لەبارەی پرسی كوردەوە.

نووسەر دەڵێ لەلایەك ئیسرائیل دەڵێ پشتیوانی كورد دەكات، بەم هۆیەوە دەبێ عەرەب بێ بیركردنەوە و تێڕامان دژی كورد هەڵوێست وەربگرێت. هەروەها لە كاتێكدا ئێران دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەربڕیوە، دیسان دەبێ عەرەب پێچەوانەی ئێران بڕیار بدات، لێرەشەوە كێشەكە سەرهەڵدەدات، كە ئەگەر عەرەب لەگەڵ كوردستان بێت ئەوا دەبێتە هاوئاوازی ئیسرائیل، ئەگەر دژیشی بێت، ئەمجارە دەبێتە هاوئاوازی ئێران، ئەمەش لەگەڵ بیركردنەوەی بەردەوام و ئاسایی عەرەب یەك ناگرێتەوە، چونكە عەرەب هەمیشە بەبێ ئەوەی چاو لە میحوەرەكانی پرسەكە بكات، هەڵوێستی خۆی لەسەر بنەمای هەڵوێستەكانی ئەم دووانە بنیات ناوە.

مەئمون ئەفەندی هەروەها نووسیویەتی كە بەداخەوە ئەمڕۆ ڕووی قسەی هەموو لایەك لەسەر ئەوەیە كە كورد دەیەوێ دەست بەسەر نەوتی كەركووكدا بگرێ، بەبێ ئەوەی لە سرووشتی كێشەی كورد ورد ببنەوە.

دەشڵێ" لەوانەیە شتێكی ئازاردەر بێت ئەگەر بڵێین ناسنامەی نەتەوەیی كورد بەهێزترە لە ناسنامەی نەتەوەیی عێراقی، لە كاتێكدا كورد لە عێراق جیاببنەوە، ئەوا دەوڵەتێكی باشتر لە دەوڵەتی عێراق بۆ خۆیان دروست دەكەن.

رەخنەش لەو بیركردنەوەیە دەگرێ كە ئێران و توركیا و عێراق بەنیازن بەیەكەوە لە دژی كوردستان یەك بگرن و هەوڵی لەناوبردنی بدەن، دەڵێ هەر شتێكی لەم جۆرە دۆخێكی وەها دێنێتە ئاراوە، كە هیچی كەمتر نەبێت لەو كارەساتەی بەسەر جوولەكەدا هات لە سەردەمی هیتلەردا.

لە كۆتاییشدا دەڵێ دەستخۆشی بۆ كورد، كە ئەمڕۆ ئەمەی گەیاندە ئەو راستیەی كە ئەوان بە ئەمری واقیع دەوڵەتن، لەبەردەم عێراقیشدا تەنها ئەوەندە هەیە قبووڵی بكات، یان دەوڵەتێكی فیدراڵی نوێ دابمەزرێنێ، كە بە پێچەوانەی دەوڵەتی ئێستە، مافی هەمووان لەخۆ بگرێت.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
سه‌رچاوه‌: باسنیوز

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.