Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 14:00

هه‌نگوینی کوردستان له‌ بازاڕه‌کانى جیهان ده‌فرۆشرێت

باشترین جۆری ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان لە ناوچەی سیدەکان بەرھەم دێت
hangwen_هه‌نگوین
کوردستان TV
100%

باشترین جۆری ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان لە ناوچەی سیدەکان بەرھەم دێت، باشترین جۆری ھەنگوین کاتێک بەرھەم دێت، ھەنگەوان ھەنگەکانی لە کەش و ھەوایەکی سازگار و لە ناو زۆرترین گوڵدا دابنێت، ناوچەی سیدەکانیش لەو جۆرە شوێنانەیە ھەر بۆیە باشترین جۆری ھەنگوینی لێبەرھەم دێت.

ئه‌حمه‌د پشده‌رى سه‌رۆكى یه‌كێتى هه‌نگه‌وانانى كوردستان ده‌ڵێت: پوره‌یه‌ك هه‌نگ له‌ 4 هه‌زار هه‌نگه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو 30 هه‌زار هه‌نگ و زیاتریش، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر نموونه‌ به‌ پوره‌یه‌كى 15 هه‌زار هه‌نگى بهێنینه‌وه‌ له‌به‌هاراندا ھەنگەکان تەنیا شیلەی گوڵ بمژن، رۆژانه‌ ھەر پوورەیەک 1 كیلۆ کێشەکەی زیاد دەکات، بەڵام کە شەکر بدرێت بە ھەنگەکان، چه‌ند كیلۆ شه‌كرى بدرێتێ ئه‌وه‌نده‌ هه‌نگوینه‌ به‌رهه‌م دێت، به‌ڵام ناتوانرێت وه‌كو شیفا به‌كاربهێنرێت، چونكه‌ هه‌نگوینى نایابى بێشه‌كر شیفایه‌.

هه‌نگه‌وانانی كوردستان پێیان وایه‌ ھەنگوینی ئێرانی ناتوانێت رکابەری ھەنگوینی ناوخۆ بکات، چونکە ھەنگوینی کوردستان جۆرەکەی باشە و سەرەڕای بەرزی نرخەکەی بازاڕی نەشکاوە و خەڵک وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشی بەکاری دێنن، تایبەت ئەو ھەنگوینەی کە مێشەکانی تەنیا شیلەی گوڵیان مژیوە.

نرخى كیلۆیه‌ك هه‌نگوینى سروشتى له‌ 70 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو 100 دۆلار، ئه‌حمه‌د پشده‌رى ده‌ڵێت: زۆر كه‌س هه‌نگوینى كوردستان ده‌بات بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و بازرگانى پێوه‌ ده‌كات به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى هه‌تا ئێستا هه‌نارده‌ نه‌كراوه‌، ده‌نا له‌بازاڕه‌كانى دونیا به‌هۆى باشى جۆره‌كه‌ى خواستى زۆر له‌سه‌ره‌، ساڵانه‌ له‌ كۆنگره‌ى هه‌نگه‌وانانى جیهانى به‌رده‌وام هه‌نگوینى كوردستان پله‌ى نایابى وه‌رگرتووه‌.

پشده‌رى ده‌ڵێت: هه‌ندێكجاریش هه‌نگوینى وڵاتانى دیكه‌ به‌ ناوى هه‌نگوینى كوردى فرۆشراوه‌، چونكه‌ ده‌زانن خواستى له‌سه‌ره‌ بۆیه‌ له‌كاتى فرۆشتندا ده‌ڵێن هه‌نگوینى كوردستانه‌.

لەھەرێمی کوردستاندا 214 ھەزار و 414 پورەی ھەنگ ھەیە، کە 10 ھەزار و 177 ھەنگەوان کاری لەسەر دەکەن، هه‌روه‌هارایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌و ژماره‌یه‌ هه‌نگه‌وان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وانه‌ى پیشه‌ى سه‌ره‌كییان هه‌نگه‌وانییه‌ زۆر كه‌متره‌ له‌و رێژه‌یه‌.

بەرھەمی ساڵانەی هه‌نگه‌وانانى كوردستان به‌پێى ساڵ و گۆڕانى كه‌ش و هه‌وا به‌رز و نزم ده‌كات به‌ڵام به‌رده‌وام ساڵانه‌ زیاتر له‌ 200 تۆن ھەنگوین به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌ڵام به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ساڵانه‌ نزیكه‌ى 800 تۆن هه‌نگوین به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى ماڵپه‌ڕى ده‌زگاى سه‌ته‌لاییتى كوردستان، بەشی زۆری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ لە شاری ھەولێر و کەمترین رێژەش لە ئیدارەی گەرمیان بەرھەم دێت.

پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2018 بەرھەمی ھەنگوینی ناوخۆ بگەیەندرێتە 947 تۆن، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ھاوکارییەکی ھەنگەوانانیان کردووە، دیارترینیان بریتین لە دابین کردنی بڕی 724 ملیۆن دینار، بۆ ساڵی 2013 و دابین کردنی بڕی 346 ملیۆن و 225 ھەزار دینار بۆ ساڵی 2014 لەم بودجەیە یارمەتی ھەنگەوانان دراوە.

ھەروەھا کڕینی پێداویستییەکانی ھەنگەیوانی بۆ ھەنگەوانان، ئەنجامدانی خولی مەشق و راھێنان و پێدانی قەرزی کشتوکالی بە ھەنگەوانان بەبێ زیادە خستنەسەر کە بڕی قەرزەکە لە 80 بۆ 150 ملیۆن دینارە.

ئارام كاكه‌خان ... Kurdistan TV

كوردستان TV

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.