Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 06:45

لە سنووری داقووق کۆرپەیەک بە فڕێدراوی دۆزرایەوە

کوردستان TV
100%

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری شارۆچكەی داقووق، کۆرپەیەک بە زیندوویی و بە فڕێدراوی لەنێوان دوو گونددا دۆزرایەوە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لە ئێستادا باری تەندروستیی جێگیرە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی دایک و باوکی دەست پێ کردووە.

 سەرچاوەیەک لە پۆلیسی داقووق بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری شارۆچكەی داقووق، کۆرپەیەک کە لەنێوان هەردوو گوندی (چەورکە) و (داقووق) فڕێدرابوو، لەلایەن هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکانەوە دۆزرایەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، کۆرپەکە دوای دۆزینەوەی، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پۆلیس و فریاکەوتنەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی داقووق بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

دکتۆر سەمیر جاسم بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی داقووق لەبارەی تەندروستی كۆرپەكە ڕایگەیاند: پشکنینی پێویستی بۆ کراوە، سەرەتا باری تەندروستیی ناجێگیر بوو، بەڵام لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی جێگیرە و لەژێر چاودێریی ورد دایە.

سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکان، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە دادگای داقووق کراوەتەوە. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی کۆرپەکە و دایک و باوکی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێک لەو بارەیەوە بەدەست نەهاتووە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.