سەرۆك بارزانی سوپاسنامەیەكی ئاراستەی هەموو ئەو كەس و لایەنانە كرد كە ئەركیان كێشا و لە رۆژانی رابردوو لە پرسەی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی برا گەورەی بنەماڵەی بارزانی، بەشداربوون.
سەرۆك بارزانی لە سوپاسنامەكەدا رایگەیاندووە: سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكەم كە لە ڕێگەی بروسکە، پەیامی هاوخەمی و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە زەحمەتیان کێشا و لە پرسە و خەمماندا بەشدار بوون.
سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاندووە: هاوسۆزی و هاوبەشیی بەردەوامی خەڵکی ئازیزی کوردستان لە خەم و کۆستەکانماندا، هەمیشە جێی ڕێز و پێزانینمانە.
دەقی سوپاسنامەكەی سەرۆك بارزانی:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، زۆر سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویست، لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکوومیی عێراق و هەرێمی کوردستان، کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان، پیاوانی ئایینی، نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، سەرۆک هۆزەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەکادیمییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێزی هاوپەیمانان، فەرماندە و هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندن و، سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و گشت کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم، کە ئەرکیان کێشا و ئامادەی پرسەی خوالێخۆشبوو (عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی) بوون، و هاوسۆز و هاوخەمی ئێمە بوون.
هاوکات سوپاسی هەموو بەرپرسە حکوومی و لایەنە سیاسییەکان، و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، و کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکانی عێراق و سووریا، هەروەها بەرپرس، و کەسایەتی و نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو، کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەکەم کە لە ڕێگەی بروسکە، پەیامی هاوخەمی و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە زەحمەتیان کێشا و لە پرسە و خەمماندا بەشدار بوون.
سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شارۆچکەی پیرمام دەکەم کە لە ڕۆژانی پرسەدا، لەگەڵ بوونی زەحمەتی و قەرەباڵغییەکاندا، میوانداریی خەڵکیان کرد. هەروەها دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەکەم کە بەرپرسیارێتیی ڕێکخستنی هاتوچۆ و پاراستنی هاووڵاتییانیان لەسەر شان بوو.
هاوسۆزی و هاوبەشیی بەردەوامی خەڵکی ئازیزی کوردستان لە خەم و کۆستەکانماندا، هەمیشە جێی ڕێز و پێزانینمانە. هیوادارم گشت لایەک لە ئازار و ناخۆشی بەدوور بن، خودای مەزن پاداشتی خێری هەموو لایەک بداتەوە.
مسعود بارزانی
8ی ئەیلوولی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.